وەزیری دادی تورکیا: شەڕی پەکەکە توشی زەحمەتی زۆری کردوین و لە دەستپێکی قۆناخێکی بێ تیرۆرداین
وێستگەنیوز_
وەزیری دادی تورکیا دەڵێت، شەڕی نێوان سوپای وڵاتەکەی و پارتی کرێکارانی کوردستان دووچاری زەحمەتیی زۆری کردوون و ''لە دەستپێکی تورکیایەکی بێ تیرۆرداین''.
ئەمرۆ هەینی، 3ـی 1ـی 2025، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە وتەیەکدا لە ئیزمیر رایگەیاند، "تورکیا نزیکەی 50 ساڵە لەگەڵ پەکەکە لە شەڕدایە و لەو ماوە درێژەدا وڵاتەکەمان دووچاری زۆر زەحمەتی بووەوە و چەندین سەرباز و هاوڵاتیی سڤیل کوژران. "
ئاماژەی بەوەشکرد، ''بە مەبەستی رێگریکردن لە گەیشتن بە مەرامەکانیان، هەنگاوی جددیمان ناوە و دەینێین''.
دەربارەی دۆخی سووریا باسی لەوەکرد، ''بە دۆخێکی مێژووییدا تێدەپەڕین. لەگەڵ سەربەخۆبوونی سووریا، ئەو رێکخراوە تیرۆریستییانەش کە بوونەتە ئامرازی دەستی هێزە جیهانییەکان، گەیشتوونەتە قۆناخی نەمان و کۆتاییهاتن.''
دووپاتیشیکردەوە، ''لە دەستپێکی تورکیایەکی بێ تیرۆرداین. بە سەرۆکایەتیی سەرۆککۆمارمان، بێ وچان هەوڵ دەدەین وڵاتەکەمان لە تیرۆر پاکبکەینەوە. سەت ساڵەی تورکیا دەبێتە سەت ساڵەی دادپەروەری و تورکیایەکی بێ تیرۆر''.
PM:08:19:03/01/2025
ئهم بابهته 1712
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت