ناسنامه‌ی ئه‌نجامده‌ری‌ هێرشه‌كه‌ی نیو ئۆرلیانزی‌ ئه‌مریكا ئاشكرا كرا


وێستگه‌نیوز-

میدیاكانی‌ ئه‌مریكا ناسنامه‌ی‌ ئه‌و كه‌سه‌یان ئاشكرا كرد كه‌ هێرشه‌كه‌ی‌ شاری‌ نیو ئۆرلیانزی‌ ئه‌مریكای‌ ئه‌نجامدا كه‌ به‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی‌ زیاتر له‌ 40 كه‌سی‌ كرد به‌ژێره‌وه‌، ده‌شڵێن: "هێرشبه‌ره‌كه‌ ئاڵای‌ داعشی‌ هه‌ڵگرتووه‌".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ وتەبێژی پۆلیسی ویڵایەتی نیوئۆرلیانزی ئه‌مریكا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ساڵی نوێ، ڕووداوێکی کوشندە لە ویلایەتەکەمان ڕووی دا، کەسێک بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە خۆی بە ژمارەیەک کەسدا کێشا و  لە ئەنجامدا لانی کەم 10 کەس گیانیان سپارد و نزیکەی 30 کەسی دیکەش بریندار بوون."

به‌رپرسانی‌ ئه‌مریكا بۆ بۆ رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز رایانگه‌یاند كه‌ ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كه‌ی نیو ئۆرلیانز خه‌ڵكی شاری هیوستن له‌ ویلایه‌تی ته‌كساس بووه‌ و ته‌مه‌نی 42 ساڵه‌ و ناوی شه‌مسه‌دین به‌حر جه‌بار بووه‌.

لای‌ خۆیه‌وه‌ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمنیەوە بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ هێرشبەرەکەی نیو ئۆرلیانزی ئەمریکا ئاڵای د*ا*ع*ش*ی هەڵگرتووە.

هاوكات تۆڕی ABCی ئه‌مریكی بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ لێكۆڵه‌ران كارده‌كه‌ن بۆ دیاریكردنی په‌یوه‌ندی تۆمه‌تباری هێرشه‌كه‌ به‌ رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ د*ا*ع*ش-ه‌وه‌.

به‌رپرسانی ئه‌مریكا كوژرانی هێرشبه‌ره‌كه‌یان پشتڕاستكرده‌وه‌ و رایانگه‌یاند كه‌ له‌وكاته‌ی‌ له‌ بارهه‌ڵگره‌كه‌ی دابه‌زی و تفه‌نگێكی پێبوو، كوژرا.

پۆلیسی نیو ئۆرلیانز و ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوچه‌كه‌ هێرشه‌كه‌یان به‌ هێرشێكی تیرۆریستی وه‌سفكرد و نووسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵییش رایگه‌یاندووه‌، كه‌ وه‌ك كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هێرشه‌كه‌ ده‌كه‌ن.



PM:08:55:01/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 2224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت