حزبى به‌عسی سوریا له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵده‌وه‌شێت
وێستگه‌نیوز-
چه‌ند رۆژێك دوای رووخانی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د له سوریا له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی ته‌حریری شامه‌وه، حزبی به‌عسی ده‌سه‌ڵاتدار راگرتنی چالاكییه‌كانی راگه‌یاند. به‌پێی راپۆرتێكی ئه‌سۆشێتد پرێس ئه‌مه گۆڕانكارییه‌كی شۆكهێنه‌ره له چانسه‌كانی ئه‌و گرووپه سیاسییه‌ی كه زیاتر له شه‌ش ده‌یه حوكمڕانیی سوریای كرد.
زۆرێك له ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حیزبه په‌ناین بۆ خۆحه‌شاردان برد و به‌شێكی دیكه‌شیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌ڵاتن. له هه‌نگاوێكی ره‌مزیشدا، فه‌رمانڕه‌وا نوێیه‌كانی سوریا باره‌گای پێشووی حزبی به‌عسیان له دیمه‌شقی پایته‌خت گۆڕی بۆ ناوه‌ندێك كه ئه‌ندامانی پێشووی سوپا و هێزه ئه‌منییه‌كان له‌به‌رده‌میدا ریز ده‌گرن بۆ تۆماركردنی ناوه‌كانیان و راده‌ستكردنی چه‌كه‌كانیان، ئه‌مه‌ش به ناوه‌نده‌كانی "ئاشته‌وایی" ناسراوه.
له هه‌مان كاتدا داواكارییه‌كان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی ئیشتراكی زیاد ده‌بن، كه له ساڵی 1963ه‌وه به فه‌رمی حوكمڕانی سوریای كردووه، زۆرێك له سوورییه‌كان - له‌نێویاندا ئه‌ندامانی پێشووی ئه‌و حزبه - پێیانوایه كه حوكمڕانیه‌كه‌ی زیانی به په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ی عه‌ره‌بی گه‌یاندووه و یارمه‌تیده‌ر بووه له بڵاوكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی كه بووه‌هۆی داڕمانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی جه‌نگ پارچه‌پارچه‌ی كردووه.
محه‌مه‌د حسێن عه‌لی ته‌مه‌ن 64 ساڵ، كه له كۆمپانیایه‌كی نه‌وتی حكومی كاری كردووه و بۆ ماوه‌ی ده‌یان ساڵ ئه‌ندامی حزب بووه تا له سه‌ره‌تای راپه‌ڕین دژ حكومه‌تی سوریا له ساڵی 2011دا كه گۆڕا بۆ شه‌ڕی ناوخۆ، ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه. ده‌ڵێت: "حزب نه‌ك هه‌ر هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، به‌ڵكو ده‌بێ بچێته دۆزه‌خیشه‌وه”.
جێگای سه‌رنجه كه عه‌لی هه‌رگیز وڵاتی به‌جێنه‌هێشتووه، پشتڕاستیشی كرده‌وه كه دڵخۆشه به كۆتایی هاتنی ده‌سه‌ڵاتی "به‌عس”.
لای خۆیه‌وه به‌رپرسێكی ده‌سته‌ی ته‌حریری شام كه سه‌ركردایه‌تی پرۆسه‌ی رووخانی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌دی كرد، رایگه‌یاند كه هێشتا بڕیارێكی فه‌رمی نه‌دراوه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی چی له حزبی به‌عس بكرێت.
ئه‌و به‌رپرسه كه داوای كرد ناوی ئاشكرا نه‌كرێت، چونكه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نه‌بووه قسه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بكات، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ئه‌حمه‌د ئه‌لشه‌رع سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ته‌حریری شام، وتووێتی كه ئه‌و به‌رپرسانه‌ی له ماوه‌ی ده‌یان ساڵی رابردوودا تاوانیان دژ به گه‌لی سوریا ئه‌نجامداوه، رووبه‌ڕووی دادگا ده‌كرێنه‌وه. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه ئه‌مه ئه‌ندامانی حزبی به‌عس ده‌گرێته‌وه.
جێگای سه‌رنجه كه ئه‌و حیزبه كه ئامانجی یه‌كخستنی وڵاتانی عه‌ره‌بی بوو بۆ یه‌ك نه‌ته‌وه، له ساڵی 1947 له لایه‌ن دوو ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بی سووری میشێل عه‌فله‌ق و سه‌ڵاحه‌دین بیتاره‌وه دامه‌زرا، له قۆناغێكدا ئه‌و حزبه حوكمڕانی دوو وڵاتی عه‌ره‌بی ده‌كرد، عێراق و سوریا.
دۆخی كێبڕكێ له نێوان لقی سوریا له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سه‌د و باوكی كۆچكردووی حافز و لقی عێراقی له ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام حسێن كه له ساڵی 2003دا به‌هۆی هێرشی ئه‌مریكاوه رووخا، سه‌ریهه‌ڵدا.
حزبی به‌عس له ناوخۆی سوریادا په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر نزیكی به بنه‌ماڵه‌ی ئه‌سه‌ده‌وه هه‌بوو كه له ساڵی 1970ه‌وه ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ده‌ست و بۆ ده‌یان ساڵ بنه‌ماڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار ئه‌و حزبه و ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بییان بۆ كۆنترۆڵكردنی وڵاته‌كه به‌كارده‌هێنا.
زۆرێك له ئه‌ندامانی مه‌زهه‌بی عه‌له‌وییه‌كان كه بنه‌ماڵه‌ی ئه‌سه‌د سه‌ر به‌و مه‌زهه‌به‌ن، پۆستی باڵای سه‌ربازییان هه‌بووه و ئه‌ندامێتی حیزبیش وه‌ك به‌رگێك به‌كارهێنرا بۆ ئه‌وه‌ی سیمایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی پێبدات، نه‌ك سیمایه‌كی تائیفی.
لای خۆیه‌وه عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی، سه‌ربازی پێشوو، كه بۆ ده‌یان ساڵ ئه‌ندامی حزبی به‌عس بووه و حه‌زی ده‌كرد بێته باره‌گای ئه‌و حزبه بۆ پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه سه‌ربازییه‌كانی له‌گه‌ڵیدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه هیچ بیرۆكه‌یه‌كی نییه ده‌رباره‌ی دامه‌زراندنی حزبه‌كه له‌لایه‌ن عه‌فله‌ق و بیتاره‌وه و باسی له‌وه كردووه كه "هه‌میشه پێیوابوو حافز ئه‌سه‌د دامه‌زرێنه‌ره".
عه‌لی ته‌مه‌ن 43 ساڵ، ده‌شڵێت: "هه‌ست به دڵخۆشی ده‌كه‌م. ئێمه له ترس رزگار بووین. ته‌نانه‌ت دیواره‌كانیش گوێیان هه‌بوو. ئێمه نه‌مانده‌وێرا بۆچوونه‌كانمان له‌گه‌ڵ كه‌س ده‌رببڕین”، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك به ده‌زگا ئه‌منی و هه‌واڵگرییه ترسناكه‌كان، كه ئه‌و كه‌سانه‌یان ده‌ستگیركرد و ئه‌شكه‌نجه‌یان ده‌دا كه ره‌خنه‌یان له ئه‌سه‌د یان به‌رپرسانی حكومه‌ت ده‌گرت.
شایانی باسه كه زۆرێك له سورییه‌كان ناچار بوون بچنه ناو "ته‌ڵائیعی به‌عس” و "شه‌بیبه‌ی شۆڕش”، كه دوو دامه‌زراوه‌ی حیزب بوون بۆ منداڵان و گه‌نجان، له كاتێكدا له قۆناغی سه‌ره‌تاییدا بوون، به مه‌به‌ستی جه‌ختكردنه‌وه له ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی و سۆسیالیزم.
زه‌حمه‌ت بوو كه‌سانێك كه ئه‌ندامی حیزب نه‌بوون، بتوانن كاری حكومی به‌ده‌ست بهێنن یان بچنه ناو سوپا یان ده‌زگا ئه‌منی و هه‌واڵگریه‌كانه‌وه.
له ساڵی 2012دا واته ساڵێك دوای سه‌رهه‌ڵدانی راپه‌ڕینی گه‌لی سوریا، بڕگه‌یه‌ك له ده‌ستووردا هه‌ڵوه‌شایه‌وه كه تێیدا هاتبوو "حزبی به‌عس” رێبه‌ری نه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵگایه، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێك بوو به ئامانجی هێوركردنه‌وه‌ی داواكارییه‌كانی خه‌ڵك بۆ چاكسازی سیاسی، به‌ڵام به‌كرده‌وه ئه‌و حزبه به‌هه‌ژموون مایه‌وه و ئه‌ندامه‌كانی زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان و پۆسته‌كانی حكومه‌تیان لابوو.
سه‌ربازێكی دیكه‌ی پێشوو كه ته‌نیا ناوی یه‌كه‌می خۆی به ناوی غه‌دیر هێنا، له ترسی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه به‌وپێیه‌ی ئه‌ندامێكی پێكهاته‌ی عه‌له‌وییه‌كانه، باسی له‌وه‌كرد كه له بنه‌ماڵه‌یه‌كی هه‌ژاره‌وه هاتووه و په‌یوه‌ندی به‌و حزبه‌وه كردووه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت بچێته ناو سوپاوه تا داهاتێكی جێگیری هه‌بێت، وتی: "ئه‌گه‌ر به‌عسی نه‌بوویتایه هیچ كارێكت ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت".
له‌كاتێكدا كه‌م كه‌س خه‌مبارن به رووخانی ئه‌و حزبه له سوریا، به‌ڵام هه‌ندێك ترسیان له‌وه هه‌یه كه زۆرینه‌ی سوننه كه ئێستا كۆنترۆڵی ئه‌و وڵاته‌یان كردووه، ره‌نگه ده‌ست به پاكتاوكردنی هاوشێوه‌ی ئه‌و پاكتاوكردنه‌وه بكه‌ن كه له دوای رووخانی سه‌دام حسێن له عێراق روویدا.
لیژنه‌یه‌ك بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی "حیزبی به‌عس” له عێراق پێكهێنرا و ئه‌ركی سه‌ره‌كی ئه‌و لیژنه‌یه رزگاربوون بوو له دڵسۆزانی سه‌دام له‌ناو دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت و دامه‌زراوه سه‌ربازییه‌كاندا. كه‌مینه‌ی سوننه ئه‌مه‌یان به ئامرازێك زانی بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی حساباتی تائیفی له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی شیعه له وڵاته‌كه‌دا. ناڕازیبوونی سوننه‌كان و زه‌وتكردنی مافه‌كانیان له دواتردا، بووه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی گروپه توندڕه‌وه‌كان له عێراق، له‌وانه‌ش رێكخراوه‌كانی ئه‌لقاعیده و داعش.
له سوریا، به‌یاننامه‌یه‌كی پارتی به‌عس، كه دوای سێ رۆژ له رووخانی ئه‌سه‌د بڵاوكرایه‌وه، داوا له سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی ده‌كات چه‌ك و ئۆتۆمبێله گشتییه‌كانیان راده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی نوێ بكه‌ن.
له 24ی كانوونی یه‌كه‌مدا، ئه‌ندامی حزبی به‌عس و عه‌قیدی پێشووی سوپا، محه‌مه‌د مه‌رعی، له‌نێو سه‌دان كه‌سدا بوو كه له باره‌گای پێشووی پارته‌كه‌دا ریزیان گرتبوو و چه‌كیان راده‌ستكرد.
مه‌رعی وتی كه ده‌بێ ده‌رفه‌تێكی دیكه به حیزب بدرێت؛ چونكه پره‌نسیپه‌كانی باشن، به‌ڵام ده‌یان ساڵه خراپ به‌كارهێنراون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا روونیكرده‌وه كه ره‌نگه بیه‌وێت په‌یوه‌ندی به حزبێكی تره‌وه بكات، ئه‌گه‌ر له ئاینده‌دا سوریا ببێته دیموكراسییه‌كی فره حزبی.
ئه‌و عه‌قیده‌ی پێشووی سوپا ده‌مانچه میكارۆڤه‌كه‌ی كه دروستكراوی یه‌كێتی سۆڤێتی جارانه راده‌ست كرد، و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی وه‌رگرت كه تێیدا هاتووه ئێستا ده‌توانێت به ئازادی له وڵاته‌كه‌دا بگه‌ڕێت، دوای ئاشتبوونه‌وه له‌گه‌ڵ فه‌رمانڕه‌وا نوێكان. وتی: ده‌مه‌وێت جارێكی تر ببمه هاوڵاتییه‌كی ئاسایی سوریا و كاربكه‌م بۆ بنیاتنانی سوریایه‌كی نوێ”.
PM:08:17:01/01/2025
ئه‌م بابه‌ته 1880
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت