خامنه‌یی: ئه‌و خوێنه‌ی له‌ سوریا رشتمان به‌فیڕۆ نه‌چووه‌


وێستگه‌نیوز-
رێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران به‌رگری له‌ سیاسه‌تی وڵاته‌كه‌ی كرد له‌ شه‌ڕی ناوخۆی سوریادا و ڕایگه‌یاند پێشهاته‌كانی ئێستا كاتی و "نمایشی درۆن" كه‌ له‌ ڕێگه‌ی "ئیمانداران" و "گه‌نجانی" سوریاوه‌ شكستیان پێده‌هێندرێت، ده‌شڵێت: "ئه‌و خوێنه‌ی له‌ سوریا رشتمان به‌فیڕۆ نه‌چووه‌".


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 1ی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 2025، عه‌لی‌ خامنه‌یی رێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران، له‌ پێنجەمین ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فه‌رمانده‌ی پێشوی فه‌یله‌قی‌ قودسی سوپای پاسداران بە ئامادەبونی بنەماڵەی کوژراوانی سوپای پاسداران لە سوریا و لوبنان و شوێنەکانی دیكه‌، وتی‌: "هه‌ندێك كه‌س به‌هۆی نه‌بوونی لێكدانه‌وه‌ و تێگه‌یشتنی دروست بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌گه‌ڵ رووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ناوچه‌كه‌دا، ئه‌و خوێنه‌ی كه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌ مه‌زارگه‌ رژاوه‌، به‌فیڕۆچووه‌. ئه‌وان هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌كه‌ن؛ ئه‌م خوێنه‌ به‌فیڕۆ نه‌چووه‌".

ناوبردنی "مه‌زارگه‌" له‌ لایه‌ن خامنه‌ئییه‌وه‌ ئاماژه‌یه‌ به‌ مزگه‌وتی سه‌یده‌ زه‌ینه‌ب له‌ شاری دیمه‌شق كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ شوێنه‌ پیرۆزه‌كانی شیعه‌ی دوازده‌ ئیمام و ده‌ڵێن زه‌ینه‌بی كچی ئیمام عه‌لی له‌وێدا نێژراوه‌. ئێران و هێزه‌ شیعه‌كان هۆكاری سه‌ره‌كی به‌شدارییان له‌ شه‌ڕی ناوخۆی سوریا گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ بۆ پاراستنی ئه‌و مه‌زارگه‌یه‌.

خامنه‌ئی سه‌باره‌ت به‌ گۆڕانكارییه‌كانی سوریا وتی: "به‌م نمایشه‌ درۆینه‌یه‌ فریو مه‌خۆن؛ ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ لوتبه‌رزییه‌وه‌ ته‌راتێن ده‌كه‌ن، ڕۆژێك دێت ده‌كه‌ونه‌ ژێر پێی ئیمانداران. ئه‌وانه‌ی ده‌ستدرێژییان كردووه‌ته‌ سه‌ر خاكی گه‌لی سوریا ڕۆژێك دێت له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی گه‌نجانی سوریادا ناچار ده‌بن پاشه‌كشه‌ بكه‌ن".

له‌ درێژه‌ی وتاره‌كه‌ی ئه‌مڕۆیدا، خامنه‌ئی ئه‌مریكا و ئیسرائیلی تۆمه‌تباركرد به‌ "داگیركردنی" سوریا.

هه‌روه‌ها ستایشی ڕۆڵی قاسم سوله‌یمانی كرد له‌ پته‌وكردنی هێزه‌ شیعه‌كانی ناوچه‌كه‌ و گرووپی حزبوڵای لوبنان و حوسییه‌كانی به‌ "‌سیمبولی‌ موقاوه‌مه‌" وه‌سفكرد.

ڕێبه‌ری ئێران جه‌ختی‌ له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ "خوێنێك كه‌ له‌ رێگای حه‌قدا بڕژێت به‌ فیڕۆ ناچێت. ئه‌وانه‌ی ده‌ستدرێژییان كردووه‌ته‌سه‌ر سوریا، رۆژێك له‌لایه‌ن موسڵمانانه‌وه‌ ژێر پێ ده‌خرێن".

خامنه‌یی راشیگه‌یاند كه‌ "ڕووداوه‌كان ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ و موقاوه‌ ده‌ریان خسته‌ كه‌ شۆڕشی ئیسلامی زیندووه‌".


PM:07:51:01/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 1552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت