سعودیه‌ 6 ئێرانی له‌سێداره‌ دا


وێستگه‌نیوز-
وه‌زاره‌تی ناوخۆی سعودیه‌ جێبه‌جێكردنی سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی‌ هه‌ڵگری‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ ئێرانی‌ راگه‌یاند.


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی سعودیه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "هه‌ریه‌ك له‌ جاسم محه‌مه‌د شه‌عبانی، عه‌بدولڕه‌زا یونس ته‌نقاسیری، خه‌لیل شه‌هید سامری، محه‌مه‌د جه‌واد عه‌بدولجه‌لیل، مه‌هدی كه‌نعان غانمی، و حور محه‌مه‌د شه‌عبانی – هه‌ڵگرانی‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ ئێرانی- ماده‌ی‌ هۆشبه‌ری‌ حه‌شیش-یان به‌ قاچاخ هێناوه‌ته‌ ناو سعودیه‌".

وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ سعودیه‌ ده‌ڵێت: "لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كان توانیان ئه‌و تاوانبارانه‌ ده‌ستگیربكه‌ن و له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانیشدا تۆمه‌تبار كران به‌ ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه‌ و رووبه‌ڕووی‌ دادگای تایبه‌تمه‌ند كران. دادگاش حوكمی‌ دان و تۆمه‌ته‌كه‌ی‌ به‌سه‌ردا سه‌پاندن و بڕیاری‌ كوشتنی‌ دان".
ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "دوای‌ ته‌میزكردنه‌وه‌شی‌ له‌لایه‌ن دادگای‌ باڵاوه‌، بڕیاره‌كه‌ حوكمی‌ كۆتایی وه‌رگرت و فه‌رمانێكی شاهانه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌وه‌ی به‌ یاسا بڕیاری له‌سه‌ر درا، ده‌ركرا".

وه‌زاره‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "سزای‌ له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر تاوانباران، جاسم محه‌مه‌د شه‌عبانی، عه‌بدولڕه‌زا یونس ته‌نقاسیری، خه‌لیل شه‌هید سامری، محه‌مه‌د جه‌واد عه‌بدولجه‌لیل، مه‌هدی كه‌نعان غانمی، و حور محه‌مه‌د شه‌عبانی – كه‌ هه‌ڵگری‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ ئێرانین - له‌ ناوچه‌ی‌ شه‌رقیه‌ جێبه‌جێ كرا".

وه‌زاره‌تی ناوخۆی‌ سعودیه‌ راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌م كاره‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك پشتڕاستی‌ ده‌كاته‌وه‌ حكومه‌تی شانشینی سعودیه‌ به‌په‌رۆشه‌ بۆ پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیان و دانیشتووان له‌ به‌ڵای مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و سه‌پاندنی توندترین سزا كه‌ له‌ یاسادا دیاری كراوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ قاچاخچی و بازرگانه‌كانیان.


PM:05:21:01/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 3392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت