2024 ساڵی رووداوه‌ مێژووییه‌كان بوو


وێستگه‌نیوز-
به‌پێی‌ راپۆرتێكی‌ كه‌ناڵی‌ ئه‌لحوڕه‌ی‌ ئه‌مریكی‌، ساڵی 2024 پڕ بوو له‌ رووداو و پێشهاته‌ مێژووییه‌كان، به‌و پێیه‌ی به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌كان كۆچی دواییان كرد و سه‌ركرده‌ی نوێ له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی عه‌ره‌بی و نێوده‌وڵه‌تی ده‌ركه‌وتن.


ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ لیستێكی گرنگترین ئه‌و رووداو و پێشهاتانه‌ن كه‌ له‌ماوه‌ی‌ ئه‌و ساڵه‌دا رووویاندا:

كوشتنی‌ ساڵح ئه‌لعاروری

ڕۆژی 2ی كانوونی‌ دووه‌م، ئیسرائیل له‌ هێرشێكی ئاسمانیدا بۆ سه‌ر گه‌ڕه‌كی باشووری به‌یروت، ئیسرائیل سه‌ركرده‌یه‌كی دیاری بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی به‌ ناوی ساڵح عاروری كوشت.

لافاو له‌ ئیمارات


له‌ 16ی نیساندا بارانێكی‌ به‌خوڕ له‌ ئیمارات باری‌ و به‌هۆیه‌وه‌ لافاوێكی بێ وێنه‌ روویدا و و زیانێكی گه‌وره‌ی لێكه‌وته‌وه‌ و ده‌یان هه‌زار ئۆتۆمبێل و دوكان و ماڵ و موڵكی دیكه‌ ژێرئاو كه‌وتن.

تێكشكانی‌ هێلیكۆپته‌ره‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی ئێران

له‌ 19ی ئایاردا هه‌لیكۆپته‌رێك كه‌ ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رۆك كۆماری ئه‌وكاتی ئێرانی هه‌ڵگرتبوو، له‌ ناوچه‌یه‌كی شاخاویی باكووری رۆژئاوای ئه‌و وڵاته‌ كه‌وته‌ خواره‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ناوبراو و حسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وكاتی ئێران گیانیان له‌ده‌ست دا.

كشانه‌وه‌ی‌ بایدن

له‌ 21ی ته‌مموزدا جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا كشانه‌وه‌ی خۆی له‌ كێبڕكێی خۆكاندیدكردن بۆ كۆشكی سپی راگه‌یاند و كامالا هاریس جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا كاندید كرا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا خۆی كاندید بكات به‌رامبه‌ر به‌ دۆناڵد تره‌مپ كاندیدی كۆمارییه‌كان.

ئۆڵۆمپیادی پاریس

له‌ 26ی ته‌مموز تا 11ی ئاب، پاریس میوانداری ئۆڵۆمپیادی هاوینه‌ی 2024 و پارائۆڵۆمپیادی هاوینه‌ی‌ كرد كه‌ دیارترین چالاكیی وه‌رزشی نێوده‌وڵه‌تی جیهانه‌.

كوشتنی‌ فوئاد شوكر

له‌ 30ی ته‌مووزدا ئیسرائیل به‌ هێرشێكی ئاسمانی له‌ گه‌ڕه‌كی باشووری به‌یروت، فوئاد شوكر، سه‌ركرده‌ی باڵای سه‌ربازیی حزبوڵای كوشت.
كوشتنی‌ ئیسماعیل هه‌نیه‌

له‌ 31ی ته‌مووزدا ئیسرائیل ئیسماعیل هه‌نیه‌ به‌رپرسی مه‌كته‌بی سیاسی  بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسی فه‌له‌ستینی به‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی ته‌قه‌مه‌نی له‌ شوێنی مانه‌وه‌ی‌ له‌ تارانی پایته‌ختی ئێران كوشت.

ته‌قینه‌وه‌ی په‌یجه‌ر و بێ سیمه‌كان

له‌ 17ی ئه‌یلولدا ئیسرائیل ئۆپه‌راسیۆنێكی بێ وێنه‌ی له‌ مێژوودا ئه‌نجامدا و ئامێره‌كانی‌ په‌یجه‌ری‌ حزبوڵای‌ لوبنانی‌ ته‌قانده‌وه‌ و له‌ 18ی ئه‌یلولدا ئامێره‌كانی بێ سیمی‌ ته‌قانده‌وه‌. ده‌ركه‌وت كه‌ هه‌موو ئامێره‌كان پێشوه‌خته‌ بۆمبڕێژكرابوون و به‌وهۆیه‌وه‌ هه‌زاران ئه‌ندامی حزبوڵا و هاوڵاتی مه‌ده‌نی له‌ لوبنان و سوریا كوژران و برینداربوون.

كوشتنی‌ حه‌سه‌ن نه‌سروڵا

له‌ 27ی ئه‌یلولدا ئیسرائیل له‌ هێرشێكی ئاسمانیدا بۆ سه‌ر گه‌ڕه‌كی باشووری به‌یروت كه‌ به‌ ده‌یان تۆن ته‌قه‌مه‌نی به‌كارهاتبوو، حه‌سه‌ن نه‌سروڵا، ئه‌مینداری‌ گشتیی حزبوڵای كوشت، كه‌ له‌ باره‌گای سه‌ره‌كی‌ حزبوڵادا بوو له‌ ژێر زه‌وی.

له‌شكركێشی بۆ باشووری لوبنان

له‌ 1ی تشرینی یه‌كه‌مدا ئیسرائیل ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌ زه‌مینییه‌كانی له‌ باشووری لوبنان راگه‌یاند، هاوكات بۆردومانێكی چڕی‌ له‌ زه‌وی‌ و ده‌ریا و ئاسمانه‌وه‌ ده‌ستپێكرد. ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنانه‌ بووه‌ هۆی وێرانكردنی ده‌یان گوند و شارۆچكه‌ی سنووری باشووری لوبنان به‌ته‌واوی یان به‌شێكی.

كوشتنی‌ هاشم سه‌فیه‌دین

دوای دوو رۆژ ئیسرائیل ده‌یان تۆن ته‌قه‌مه‌نی به‌كارهێنا و شوێنێكی دیكه‌ی حزبوڵای له‌ژێر زه‌وی‌ له‌ باشووری به‌یروت به‌ ئامانج گرت و له‌ 3ی تشرینی یه‌كه‌مدا هاشم سه‌فیه‌دین، جێنشینی نه‌سروڵای‌ كوشت.

كوشتنی یه‌حیا سنوار

ڕۆژی 16ی تشرینی‌ یه‌كه‌م، یه‌حیا سنوار، به‌رپرسی مه‌كته‌بی سیاسی حه‌ماس له‌ كاتی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئیسرائیل له‌ شاری ره‌فه‌ح كوژرا.

سه‌ركه‌وتنی‌ تره‌مپ

رۆژی 5ی تشرینی‌ دووه‌م، دۆناڵد تره‌مپ كاندیدی كۆمارییه‌كان له‌ ركابه‌رییه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكادا سه‌ركه‌وت و ئه‌مریكییه‌كان بۆ جاری دووه‌م هه‌ڵیانبژارد بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا و له‌ مانگی یه‌كی داهاتوودا ده‌ست به‌ ئه‌ركه‌كانی ده‌كات.

رووخانی رژێمی ئه‌سه‌د

له‌ رووداوێكی مێژووییدا كه‌ هه‌ندێك به‌ بوومه‌له‌رزه‌ وه‌سفیان كردووه‌، دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا توانیان له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكدا چه‌ند شارێكی گه‌وره‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن و گه‌یشتنه‌ دیمه‌شقی پایته‌خت. به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی رژێمی سوریا، له‌ سه‌رله‌به‌یانی رۆژی 8ی كانوونی یه‌كه‌م هه‌ڵات بۆ مۆسكۆی پایته‌ختی روسیا و ده‌سه‌ڵاتی خوێناوی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌سه‌د له‌ سوریا كۆتایی هات كه‌ زیاتر له‌ پێنج ده‌یه‌ به‌رده‌وام بوو.

كۆچی‌ دوایی جیمی كارته‌ر

له‌ 29ی كانونی یه‌كه‌مدا جیمی كارته‌ر سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا كه‌ به‌ "عه‌رابی‌ ئاشتی" وه‌سف ده‌كرا و له‌ ساڵی 2002 به‌هۆی چالاكییه‌كانی له‌ بواری مافه‌كانی مرۆڤ خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتیی به‌ده‌ستهێنا، كۆچی دوایی كرد.



PM:04:49:01/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت