بە تۆمەتی راگەیاندنی باری نائاسایی؛ فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی کۆریای باشوور دەرچوو
وێستگەنیوز_
دوای ئەوەی باری نائاسایی لە وڵاتەکە راگەیاند، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ یوون سووک یۆل، سەرۆکی سڕکراوی کۆریای باشوور دەرکرا.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی گەندەڵیی کۆریای باشوور، "فەرمانی دەستگیرکردن و گەڕان بەدوای یوون سووک یۆل دەرکراوە."
بڕیارەکە دوای ئەوە دێت، رۆژی 14ـی مانگی 12ـی 2024، 204 پەرلەمانتاری کۆریای باشوور دەنگیان بە (لێپرسینەوە) لە سەرۆکی وڵات دا و بۆ ماوەیەکیش سڕیانکرد، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی 3ـی هەمان مانگ سەرۆکی کۆریای باشوور باری لەناکاوی لە وڵاتەکەی راگەیاند.
هەر دوای راگەیاندنی بڕیارەکە، لایەنگرانی سەرۆکی کۆریای باشوور چوونە بەردەم ماڵەکەی، بە بەرزکردنەوەی ئاڵای وڵاتەکەیان، دروشمی "باری نائاسایی یاساییە، لێپرسینەوە نادروستە"یان دەوتەوە.
تیمی پارێزەرانی سەرۆکی کۆریای باشوور بڕیارەکەیان بە "نایاسایی و نادروست" ناوبرد و رایانگەیاند، بڕیارەکە رەتدەکەنەوە.
یەکەمین جارە لە مێژووی کۆریای باشوور سەرۆکێک لەکاتی خولی سەرۆکایەتیدا بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەردەکرێت.
فەرمانی دەستگیرکردنەکە تاوەکو رۆژی 6ـی مانگی داهاتوو کاری پێدەکرێت، ئەگەر تاوەکو ئەو ماوەیە سەرۆکی وڵاتەکە دەستگیر کرا، ئەوان لە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی سیئۆل زیندانی دەکرێت، ئەگەریش تاوەکو ئەو ماوەیە دەستگیر نەکرا، ئەوا دادگا دەبێت دووبارە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەربکاتەوە.
AM:10:02:01/01/2025
ئهم بابهته 524
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت