ئیداره‌ی‌ نوێی‌ سوریا پله‌ی‌ ده‌یان به‌رپرسی‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ به‌رزكرده‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، ئیداره‌ی‌ نوێی‌ سوریا به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌حمه‌د شه‌رع ناسراو به‌ ئه‌بو محه‌مه‌د جۆلانی‌ پله‌ی‌ سه‌ربازی‌ ده‌یان به‌رپرسی‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ به‌رزكرده‌وه‌ له‌نێویاندا پله‌ی‌ مورهه‌ف ئه‌بو قه‌سره‌، وه‌زیری به‌رگری و نوره‌دین ئه‌لنه‌عسان سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ ئه‌ركانی هاوبه‌شی به‌رزكره‌وه‌ بۆ پله‌ی‌ لیوا.


ئاژاسنی‌ هه‌واڵه‌كانی‌ سوریا "سانا" بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ به‌پێی‌ بڕیاره‌كه‌ پله‌ی‌ پێنج به‌رپرسی‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كان بۆ عه‌مید، و 42 كه‌سی‌ تر بۆ پله‌ی عه‌قید به‌رزده‌كرێته‌وه‌.

ئه‌و بڕیاره‌، به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، "له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نیشتمانی، و له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی په‌ره‌پێدان و مۆدێرنكردنی سوپا و هێزه‌ چه‌كداره‌كان، و بنیاتنانی چوارچێوه‌ی نیشتمانی بۆ گه‌یشتن به‌ ئاسایش و سه‌قامگیری و له‌سه‌ر بنه‌مای پێداویستییه‌كانی كاری‌ سه‌ربازی” دراوه‌.

پێشتر ئیداره‌ی‌ نوێی سوریا رایگه‌یاند كه‌ له‌گه‌ڵ "سه‌رجه‌م گروپه‌ چه‌كداره‌كان" گه‌یشتووه‌ته‌ رێككه‌وتن به‌ ئامانجی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و یه‌كخستنیان له‌ژێر چه‌تری وه‌زاره‌تی به‌رگری.

هاوكات ده‌سه‌ڵاتداری‌ نوێی‌ سوریا مورهه‌ف ئه‌بو قه‌سره‌-ی راسپارد وه‌ك وه‌زیری به‌رگری له‌ حكومه‌تی كاتی سوریا و نوره‌دین نه‌عسانی بۆ پۆستی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی‌ ئه‌ركانی سوریا راسپارد.


PM:11:52:29/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 920 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت