سه‌رۆكی‌ ئه‌ڵمانیا، په‌رله‌مانی‌ هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
دوای‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ وڵاته‌كه‌یان، ئه‌ڵمانیا خۆی‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌ ئاماده‌ ده‌كات كه‌ بڕیاره‌ له‌ شوباتی‌ داهاتوودا ئه‌نجام بدرێت.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌ فرانك واڵته‌ر شتاینمایه‌ر سه‌رۆكی ئه‌ڵمانیا، به‌ بڕیارێك په‌رله‌مانی فیدراڵی (بۆندستاگ)ی وڵاته‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.
هاوكات سه‌رۆكی ئه‌ڵمانیا بڕیاری‌ دا رۆژی 23ی شوباتی 2025 هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت.

ئه‌مه‌ش ئه‌و واده‌یه‌یه‌ كه‌ سه‌ركرده‌كانی كوتله‌ په‌رله‌مانییه‌كانی حزبه‌كه‌ی‌ شوڵز، پارتی سۆسیال دیموكراتی و هاوپه‌یمانی مه‌سیحی كه‌ له‌ پارتی دیموكراتی مه‌سیحی و پارتی سۆسیال مه‌سیحی باڤاری پێكهاتووه‌، له‌سه‌ری ڕێككه‌وتوون.

ئۆلاف شوڵز راوێژكاری‌ ئه‌ڵمانیا له‌ 16ی كانونی یه‌كه‌مدا متمانه‌ی په‌رله‌مانی فیدراڵی (بۆندستاگ)ی له‌ده‌ستدا، له‌ هه‌نگاوێكدا كه‌ ئه‌نجامه‌كانی پێشبینی ده‌كرا.

ئه‌مه‌ش دوای‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ هاوپه‌یمانی ده‌سه‌ڵاتدار كه‌ له‌ پارتی سۆسیال دیموكرات و پارتی سه‌وز و پارتی دیموكراتی ئازاد له‌ تشرینی دووه‌می رابردوودا هات.

دوای له‌ده‌ستدانی متمانه‌، راوێژكاری ئه‌ڵمانیا داوای له‌ سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ كرد به‌ پێی ماده‌ی 68ی ده‌ستووری ئه‌ڵمانیا په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌.





PM:02:04:27/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت