هه‌سه‌ده‌ هۆشداری ده‌دات


وێستگه‌نیوز-
هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) هۆشداری‌ له‌ خراپوونی‌ ره‌وشه‌كه‌ ده‌دات و رایگه‌یاند كه‌ داعش سود له‌ هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا و مورته‌زه‌قه‌كانی‌ (به‌كرێگیراوان)ی بۆ سه‌ر ناوچه‌كانیان وه‌رده‌گرێت و هێزه‌كانیان ده‌كاته‌ ئامانج.  


ئه‌مڕۆ هه‌ینی 27ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2024 ناوه‌ندی راگه‌یاندنی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات "هه‌سه‌ده‌"، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌و گرژییه‌ی كه‌ له‌ سوریا هه‌یه‌ و ده‌ستدرێژییه‌كانی‌ توركیا و مورته‌زه‌قه‌كانی‌ بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا و سه‌رقاڵبونی هێزه‌كانمان به‌ به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی هێرشه‌كانیان، رێكخراوی تیرۆریستی داعش هه‌وڵده‌دات ئه‌و بارودۆخه‌ بقۆزێته‌وه‌ كه‌ له‌ خاكی سوریادا هه‌یه‌ بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی خۆی".

هه‌سه‌ده‌ ده‌ڵێت: "داعش هه‌وڵی ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تیرۆرستی ده‌دات، به‌ تایبه‌تی له‌ ناوچه‌كانی باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا، به‌وپێیه‌ی‌ كه‌ ئارامترین و سه‌قامگیرترین ناوچه‌ی سوریان".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "ئێواره‌ی دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ له‌لایه‌ن شانه‌كانی داعشه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك كرده‌وه‌ی تیرۆرستی له‌ ناوچه‌كانی‌ شاره‌ دێره‌لزور ئه‌نجام دران و له‌ ناوچه‌ی مه‌رقه‌ده‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی شاره‌كه‌ ئۆتۆمبێلێكی‌ هێزه‌كانمانیان به‌ ئامانج گرتین و به‌هۆیه‌وه‌ شه‌ڕڤانێكمان شه‌هید بوو".

بەگورەی راگەیەندراوەکە  "له‌كرده‌وه‌یه‌كی دیكه‌دا شانه‌یه‌كی داعش ئۆتۆمبیلێكی هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ی له شارۆچكه‌ی شه‌حیل كرده ئامانج و به‌هۆیه‌وه‌ یه‌كێك له‌ شه‌ڕڤانه‌كانیان گیانی‌ له‌ده‌ست دا.

ده‌شڵێت: "شانه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌ وێستگه‌ی ئاوی شارۆچكه‌ی دیبانی به‌ گولـله‌یه‌كی ئاڕ پی جی كرده‌ ئامانج، له‌ ئه‌نجامدا ته‌نیا زیانی ماددی به‌ر وێستگه‌كه‌ كه‌وت، به‌بێ ئه‌وه‌ی زیانی مرۆیی هه‌بێت".

هه‌سه‌ده‌ راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "ئه‌م هێرشانه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ناوچه‌كه‌ گرژیی ئه‌منی به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ هێرشه‌كانی داگیركه‌ری توركیا و مورته‌زه‌قه‌كانی‌ بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا و ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ هه‌ركاتێك داگیركه‌ر بكه‌وێته‌ جوڵه‌، داعش هێرشه‌كانی‌ زیاتر ده‌كات ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌و رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌ و توركیای‌ داگیركه‌ر ده‌رده‌خات".


AM:10:05:27/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 732 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت