هه‌سه‌ده‌: هێرشه‌كانی‌ به‌كرێگیراوانی‌ توركیا تێكشكێندرا


وێستگه‌نیوز-
ناوه‌ندی‌ راگه‌یاندنی‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات "هه‌سه‌ده‌" تێكشكاندنی‌ هێرشه‌كانی‌ مورته‌زه‌قه‌كانی‌ توركیای‌ له‌ باشووری رۆژهه‌ڵاتی مه‌نبج راگه‌یاند.

ناوه‌ندی‌ راگه‌یاندنی‌ "هه‌سه‌ده‌" له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت: "ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازی مه‌نبج سه‌ركه‌وتوو بوو له‌ تێكشكاندنی‌ هه‌موو ئه‌و هێرشانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن مورته‌زه‌قه‌كان "به‌كرێگیراوان"ی توركیاوه‌ به‌ پاڵپشتی تۆپخانه‌ قورسه‌كان و هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر گونده‌كانی باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی مه‌نبج ده‌ستیان پێكردبوو".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ ده‌ره‌نجام ژماره‌یه‌ك مورته‌زه‌قه‌ی‌ توركیا كوژران و برینداربوون و ژماره‌یه‌ك ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی-ش له‌ناوبران.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "له‌ میانه‌ی ئه‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ توندوتیژانه‌ی كه‌ به‌یانی ئه‌مڕۆ له‌ نزیك شارۆچكه‌ی ئه‌بو قه‌لقال له‌ باشووری رۆژهه‌ڵاتی مه‌نبج و له‌ لادێكانی باكووری به‌نداوی تشرین ده‌ستی‌ پێكرد، 14 به‌كرێگیراوی توركیای‌ داگیركه‌ر كوژران و ده‌یانی دیكه‌ش برینداربوون".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "هاوكات دوو زرێپۆش و دوو ئۆتۆمبێل كه‌ دۆشكه‌ی DSHKیان له‌سه‌ر بوو، دوو ماتۆڕسكیلی به‌كرێگیراوان تێكشكێندران".

ناوه‌ندی‌ راگه‌یاندنی‌ هه‌سه‌ده‌ راشیگه‌یاند كه‌ "هه‌موو هێرشه‌كانی به‌كرێگیراوان به‌ شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر شكستیان پێهێنرا و به‌م زووانه‌ گرته‌ی ڤیدیۆیی له‌ناوبردنی‌ ئۆتۆمبێلی به‌كرێگیراوان بڵاوده‌كرێته‌وه‌".


PM:11:20:25/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 4040 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت