ئێران هۆشداری ده‌داته‌ سوورییه‌كان: دڵخۆش مه‌بن، ئاینده‌یه‌كی نادیار چاوه‌ڕێتانه‌


وێستگه‌نیوز-

وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئێران هۆشداری‌ ده‌داته‌ سورییه‌كان و ده‌ڵێت: "پێشوه‌خته‌ دڵخۆش مه‌بن، ئاینده‌یه‌كی نادیار چاوه‌ڕێتان ده‌كات".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 25ی كانوونی یه‌كه‌می 2024 عه‌باس عه‌راقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند كه‌ دوای رووخانی ئه‌م دواییه‌ی رژێمی‌ به‌شار ئه‌سه‌د كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر حوكمی وڵاته‌كه‌ی كرد، سوریا رووبه‌ڕووی ئاینده‌یه‌كی نادیار ده‌بێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی خوێندكارانی ئێران (ئیسنا)، عه‌راقچی وتوویه‌تی: "هێشتا زووه‌ بڕیار له‌سه‌ر ئاینده‌ی‌ سوریا بدرێت، چونكه‌ زۆر هۆكار ده‌توانن كاریگه‌رییه‌كی زۆر له‌سه‌ر دۆخی سیاسی ئه‌وێ دروست بكه‌ن".

عه‌راقچی روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌وانه‌ی له‌ ئێستادا باوه‌ڕیان به‌ هه‌ندێك سه‌ركه‌وتن هه‌یه‌، نابێت پێشوه‌خته‌ دڵخۆش بن".

ئه‌م لێدوانه‌ی عه‌راقچی دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ ئه‌سعه‌د حه‌سه‌ن ئه‌لشه‌یبانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نوێی سوریا هۆشدارییه‌كی‌ هاوشێوه‌ی عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری باڵای ئێرانی ره‌تكرده‌وه‌.

خامنه‌یی، له‌ وتارێكدا كه‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ له‌ بۆنه‌یه‌كی‌ ئایینی له‌ تارانی پایته‌خت پێشكه‌شی كرد، وتی: "چاوه‌ڕوان ده‌كرێت سوورییه‌كان له‌ دژی سه‌ركردایه‌تی نوێ له‌ وڵاته‌كه‌دا به‌رگری‌ ده‌ست پێبكه‌ن".

ئه‌لشه‌یبانی هۆشداری دایه‌ ئێران له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی پشێوی له‌ وڵاته‌كه‌یدا و له‌ پۆستێكیدا له‌سه‌ر پلاتفۆرمی ئێكس، دره‌نگانی ئێواره‌ی دوێنێ سێشه‌ممه‌، نووسی‌: "پێویسته‌ ئێران رێز له‌ ئیراده‌ی گه‌لی سوریا و سه‌روه‌ری و یه‌كپارچه‌یی وڵات بگرێت".

وتیشی‌: "هۆشدارییان ده‌ده‌ینێ‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاژاوه‌گێڕی له‌ سوریا، هه‌روه‌ها به‌رپرسیارێتی‌ كاردانه‌وه‌ی‌ لێدوانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ ده‌خه‌ینه‌ سه‌رشانیان".


PM:06:46:25/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 916 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو