له‌ بۆردومانێكی پاكستاندا 46 كه‌س له‌ ئه‌فغانستان كوژران


وێستگه‌نیوز-
بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانی ئه‌فغانستان رایگه‌یاند كه‌ به‌هۆی بۆردومانێكی سوپای پاكستانه‌وه‌ له‌ پارێزگای پاكتیكا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌فغانستان، لانیكه‌م 46 كه‌س كوژراون كه‌ زۆربه‌یان منداڵ و ژن بوون و به‌ڵێنیشی‌ دا وه‌ڵامی دراوسێی وڵاته‌كه‌یان بده‌نه‌وه‌.


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ حه‌مدوڵا فیتره‌ت، جێگری وته‌بێژی حكومه‌تی تاڵیبان رایگه‌یاند كه‌ بۆردومانه‌كه‌ له‌ چوار شوێنی ئه‌فغانستان روویداوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ٤٦ كه‌س كوژراون و ٦ كه‌سیش برینداربوون.

تا ئێستا به‌رپرسانی حكومه‌تی پاكستان یان به‌رپرسانی‌ سه‌ربازی پاكستان وه‌ڵامی داواكارییه‌كان بۆ لێدوانیان نه‌داوه‌ته‌وه‌.

عینایه‌توڵا خوارزمی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌فغانستان، وتی: "ئه‌فغانستان ئه‌م كاره‌ دڕندانه‌یه‌ به‌ پێشێلكردنی ئاشكرای هه‌موو بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و كرده‌وه‌یه‌كی ڕوون و ئاشكرای شه‌ڕانگێزی ده‌زانێت".

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌فغانستان به‌ڵێنی‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی‌ دا و جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "ئیماره‌تی‌ ئیسلامی‌ ناهێڵێت ئه‌م كاره‌ ترسنۆكانه‌ بێ‌ وه‌ڵام تێپه‌ڕێت".

به‌رپرسێكی ئاگاداری پاكستانی به‌ مه‌رجی ئه‌وه‌ی ناوی بڵاو نه‌كرێته‌وه‌، به‌ ئاژانسی‌ رۆیته‌رزی راگه‌یاند كه‌ "پاكستان هێرشی ئاسمانی بۆ سه‌ر كه‌مپێكی گرووپی چه‌كداری تاڵیبانی پاكستانی ئه‌نجام داوه‌".

تاڵیبانی پاكستان دڵسۆزی بۆ بزووتنه‌وه‌ی‌ تاڵیبانی ئه‌فغانستان راگه‌یاندووه‌ و ناوه‌كه‌ی له‌وه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام به‌شێكی راسته‌وخۆی ئه‌و گرووپه‌ نییه‌ كه‌ ئێستا حوكمی ئه‌فغانستان ده‌كه‌ن.

ئامانجی راگه‌یه‌ندراوی تاڵیبانی‌ پاكستان سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی شه‌ریعه‌تی‌ ئیسلامییه‌ له‌و وڵاته‌دا هه‌روه‌ك چۆن تاڵیبان له‌ ئه‌فغانستان كردوویه‌تی.

شه‌ممه‌ی رابردوو، 16 كارمه‌ندی ئه‌منی پاكستانی له‌ هێرشێكی گه‌وره‌ی‌ تاڵیبانی پاكستان له‌ ناوچه‌ی وه‌زیرستانی باشووری ئه‌و وڵاته‌ كوژران، كه‌ راسته‌وخۆ له‌سه‌ر سنووری ئه‌و ناوچه‌یه‌ كه‌ كه‌مپه‌ بۆردوومانكراوه‌كه‌ی‌ تێدایه‌ له‌ ئه‌فغانستان.

وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌فغانستان ناسنامه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ بۆردومانه‌كه‌ی پاكستان كوژراون، راگه‌یاند كه‌ "زۆربه‌یان په‌نابه‌ری وه‌زیرستان بوون"، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ خه‌ڵكی پارێزگای وه‌زیرستانی پاكستانن.


PM:05:04:25/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 844 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو