ناتانیاهۆ: دژی حوسییه‌كان هه‌نگاو ده‌نێین


وێستگه‌نیوز-

دوای‌ كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی‌ مووشه‌كێكی‌ حوسییه‌كان له‌ ته‌لئه‌بیب و برینداربوونی‌ 16 كه‌س، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئیسرائیل به‌ڵێنی‌ دا به‌هێزه‌وه‌ دژی‌ حوسییه‌كانی‌ یه‌مه‌ن هه‌نگاو بنێت.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ بنیامین ناتانیاهۆ له‌ گرته‌یه‌كی‌ ڤیدیۆییدا كه‌ نووسینگه‌كه‌ی‌ بڵاویكرده‌وه‌، وتی‌:  "ئیسڕائیل به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كاركردن دژی حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن كه‌ ئێران پشتیوانییان لێده‌كات،".

هاوكات ئه‌و گروپه‌ی‌ تۆمه‌تبار كرد به‌ "هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ بازرگانی ده‌ریایی جیهان" و داوای له‌ ئیسڕائیلییه‌كان كرد خۆڕاگر بن.

وتیشی: "هه‌روه‌ك چۆن ئێمه‌ به‌ هێز له‌ دژی باڵه‌كانی به‌ره‌ی خراپه‌كاری ئێرانی كارمان كرد، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش دژی حوسییه‌كان كارده‌كه‌ین".

ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ئیسڕائیل هێرشی ئاسمانی كرده‌ سه‌ر به‌نده‌ر و ژێرخانه‌كانی وزه‌ له‌و به‌شانه‌ی یه‌مه‌ندا كه‌ له‌ ژێر كۆنتڕۆڵی حوسییه‌كاندان، هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نجامدانی هێرشی زیاتری كرد دژی گروپه‌كه‌، حوسییه‌كان له‌ ماوه‌ی ساڵی رابردووه‌وه‌ سه‌دان موشه‌كیان ئاڕاسته‌ی ئیسرائیل كردووه‌.

سوپای ئه‌مریكاش رایگه‌یاند كه‌ رۆژی شه‌ممه‌ هێرشی ئاسمانی وردی كردووه‌ته‌ سه‌ر كۆگاكانی موشه‌ك و ناوه‌ندێكی سه‌ركردایه‌تی و كۆنتڕۆڵی حوسییه‌كان له‌ سه‌نعای پایته‌ختی یه‌مه‌ن.

ناتانیاهۆ كه‌ به‌ هه‌ڵمه‌ته‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی ئیسڕائیل دژی حزبوڵای لوبنان له‌ باشووری لوبنان و له‌ ناوبردنی چه‌كه‌ ستراتیژییه‌كانی سوپای سوریا، له‌ وڵاته‌كه‌ی خۆیدا به‌هێز بووه‌، ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ ئیسڕائیل له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا كارده‌كات.

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ " له‌به‌رئه‌وه‌ به‌ به‌هێزیی و سووربوون و كارامه‌ییه‌وه‌ كارده‌كه‌ین. پێتان ده‌ڵێم ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كاتیشی بوێت ئه‌نجامه‌كه‌ هه‌ر هه‌مان ئه‌نجام ده‌بێت".

حوسییه‌كان كه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتیوانییان لێده‌كرێت، ساڵێك زیاتره‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر كه‌شتییه‌ بازرگانییه‌كان له‌ ده‌ریای سووردا و هه‌وڵ ده‌ده‌ن گه‌مارۆیه‌كی ده‌ریایی بسه‌پێنن به‌سه‌ر ئیسڕائیلدا، ده‌ڵێن ئه‌م كاره‌یان وه‌كو ده‌رخستنی هاوسۆزییه‌كه‌ بۆ فه‌له‌ستینییه‌كانی غه‌ززه‌.


PM:11:43:22/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 520 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت