هاکان فیدان پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع: یەپەگە و پەکەکە هیچ شوێنێکیان لە داهاتووی سووریادا نابێت


وێستگەنیوز_

پاش ئەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی 12ـی 2024، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیمەشقی پایتەختی سووریا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتیی نوێی ئیداریی ئەو وڵاتە کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە، چەند پەیامێکیان بڵاوکردەوە.

هاکان فیدان لە پەیامێکیدا رایگەیاند، "لەگەڵ ئەحمەد شەرع جەختمان لە رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان کرد. رێگە بە هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستی نادەین لە سووریا بمێنێتەوە."
 
جەختیشی کردەوە لەوەی، "یەپەگە و پەکەکە هیچ شوێنێکیان لە داهاتووی سووریا دا نابێتەوە؛ ئەمرۆ لەگەڵ ئەحمەد شەرع باسمان لە سەقامگیریی سووریا و گەڕانەوەی پەنابەران کرد."
 
هاکان فیدان دەڵێت: "لەگەڵ گەلی سووریا دەوەستین و بەتەنیا بەجێیان ناهێڵین؛ هەر بۆیە پێویستە لەسەر جیهانی عەرەبی پەیوەندی بە سەرکردایەتیی نوێی سووریاوە بکەن."
 
ئەوەشی خستەڕوو، "لەم قۆناغەدا، گرنگە حکومەتێک پێکبهێندرێت پارێزگاری لە کەمینەکان بکات و دەستوورێکی نوێ دابڕێژرێت کە رێز لە هەموو تایفەکانی نێو سووریا بگرێت. هەروەها گرنگە سزاکانی سەر سووریا هەڵبگیرێن و دەرفەت بە ئیدارەی نوێی سووریا بدرێت ئامانجەکانی بەدیبهێنێت."
 
سەبارەت بە هەڵوێستی ئیسرائیل و دەستبەسەراگرتنی بەشێک لە خاکی سوورا، هاکان فیدان وتی: "پێویستە ئیسرائیل رێز لە سەروەریی خاکی سووریا بگرێت و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی رابگرێت."
  
لای خۆیەوە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی تەحریر شام رایگەیاند، "تورکیا دۆستی گەلی سووریایە و لە سەرەتای شۆڕشەوە لەگەڵمان وەستاوە، ئەمرۆش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا باسمان لە بەهێزکردنی حکومەتی داهاتووی سووریا کرد."
 
ئەحمەد شەرع لە قسەکانیدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد "سزا ئابوورییەکانی سەر سووریا هەڵبگیرێن."


PM:06:51:22/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 1020 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت