راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا لەبارەی هەسەدە: پشتیوانیی باشترین و نزیکترین هاوبەشی خۆمان دەکەین
وێستگەنیوز_
ئەمرۆ یەکشەممە 22ـی 12ـی 2024، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا دەربارەی هەسەدە رایدەگەیەنێت، ئێمە پشتیوانیی باشترین و نزیکترین هاوبەشی خۆمان دەکەین و دەشڵێت، پێویستە لەگەڵ کورد بین و سەرۆک بایدنیش ئەوەی دەوێت.
جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا لە پەیامێكدا رایگەیاند، ئێمە پێویستمان بە توانایەکە بۆ ئەوەی شەڕی داعش لە رۆژهەڵاتی سووریا بکەین و ئەوەش شتێکە کە ئێمە ئامۆژگاریی ئیدارەی داهاتووی ترەمپ'ـمان کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "دووەم پرسی سەرەکی ئەوەیە کە چۆن دڵنیابین لەوەی کە ئێمە پشتیوانیی باشترین و نزیکترین هاوبەشی خۆمان لەو شەڕەی داعشدا دەکەین، واتە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، کە لەلایەن کوردەوە سەرکردایەتییان دەکرێت، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە عەرەبەکانیش لەگەڵیانن."
جەختیشی کردووەتەوە لەوەی، "پێویستە لەگەڵیان بین و دڵنیابین لەوەی کە ئەوەندە ئاسایشیان هەیە کە بتوانن بەردەوامبن لەوەی ئەو هاوبەشە باشە بن کە بوون و، هەروەها بتوانن بەردەوام بن لە بەڕێوەبردنی زیندانە گەورەکان و کامپەکانی زیندانەکان، وەك ئەوەی جەیک سولیڤان دەیڵێت."
روونیشیكردەوە، هەزاران چەکداری داعش و دەیان هەزار ئەندامی خێزانەكانیان لە ژن و منداڵ لەوێن، کە ئەگەر هەموویان دەربچن، دەبنە هەڕەشەیەکی بەرچاو بۆ سەر ناوچەکە و دواجار بۆ ئەمریکا؛ بۆیە پێویستە لەگەڵ کورد بین و سەرۆک بایدنیش دەیەوێت ئەوە بکات.
PM:03:34:22/12/2024
ئهم بابهته 668
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت