له‌ ناوچه‌ی سه‌یده‌ زه‌ینه‌ب ژماره‌یه‌ك ته‌رمی نه‌ناسراو دۆزرایه‌وه‌

‌له‌ شوێنی ڕووداوه‌كه‌ له‌ سه‌یده‌ زه‌ینه‌ب

وێستگه‌نیوز-

له‌ناوچه‌ی‌ سه‌یده‌ زه‌ینه‌بی‌ دیمه‌شقی‌ پایته‌ختی‌ سوریا كه‌ پێشتر مۆڵگه‌ی‌ حزبوڵای‌ لوبنانی‌ بوو، ژماره‌یه‌ك ته‌رمی نه‌ناسراو دۆزرایه‌وه‌ كه‌ به‌ 20 ته‌رم مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێن.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ عه‌مار ئه‌لسه‌لمۆ، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رگری شارستانی سوریا رایگه‌یاند كه‌ تیمه‌كانی "كڵاو سپییه‌كان" نزیكه‌ی 20 ته‌رم و پاشماوه‌ی نه‌ناسراویان له‌ فرۆشگایه‌كی ده‌رمان له‌ ناوچه‌ی سه‌یده‌ زه‌ینه‌بی دیمه‌شق دۆزیوه‌ته‌وه‌.

ناوچه‌ی سه‌یده‌ زه‌ینه‌ب كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باشووری دیمه‌شقه‌وه‌، له‌ ساڵی 2012ه‌وه‌ مۆڵگه‌یه‌كی‌ به‌هێزی ئه‌ندامانی حزبوڵای لوبنان و گروپه‌كانی دیكه‌ی سه‌ر به‌ ئێران بووه‌، كه‌ دوای ده‌ستپێكردنی راپه‌ڕین دژی رژێمه‌كه‌ی‌ به‌شار ئه‌سه‌د چوونه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌.

ئێستا ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ ته‌واوی ئه‌ندامانی حزبوڵای‌ لوبنانی‌ و گرووپه‌كانی‌ دیكه‌ی سه‌ر به‌ ئێرانی‌ تێدا نه‌ماوه‌وه‌ و چه‌كداره‌ سورییه‌كان جێگه‌یان گرتوونه‌ته‌وه‌.

له‌و شوێنه‌ی كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نزیك مه‌زارگه‌ی سه‌یده‌ زه‌ینه‌به‌وه‌، ئه‌لسه‌لمۆ به‌ ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "ئاگاداركراینه‌وه‌ له‌ بوونی ته‌رم و ئێسكه‌په‌یكه‌ر و بۆنی ناخۆش له‌م شوێنه‌دا".

وتیشی‌: "ژماره‌ی ته‌رمه‌كان له‌ 20 قوربانی تێناپه‌ڕێت، به‌ڵام ئێسكه‌كان له‌ هه‌موو شوێنێك بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌و ئێسكانه‌ كۆبكه‌ینه‌وه‌ و به‌خه‌مڵاندن ژماره‌كه‌ی‌ بزانین".

وێنه‌گرێكی ئاژانسی فرانس پرێس له‌ شوێنی رووداوه‌كه‌ راسته‌وخۆ له‌ نزیك مه‌زارگه‌ی سه‌یده‌ زه‌ینه‌ب كۆگایه‌كی بینیوه‌، له‌ ناوه‌وه‌شدا ژوورێك هه‌بووه‌ كه‌ ده‌رمانی تێدا هه‌ڵگیراوه‌، كه‌ ساردكه‌ره‌وه‌یه‌كی بچووكی تێدابووه‌، كه‌ نزیكه‌ی ده‌ ته‌رمی تێدا دۆزراوه‌ته‌وه‌، جگه‌ له‌ كه‌لله‌سه‌ر و ئێسكه‌كان كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی شوێنه‌كه‌ په‌رش و بڵاو بوونه‌ته‌وه‌.

تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی ته‌رم و ئێسكه‌كانیان ده‌رهێنا و له‌ناو كیسه‌دا دایاننا بۆ كۆكردنه‌وه‌یان به‌مه‌به‌ستی ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی ناسینه‌وه‌.

به‌ وته‌ی‌ ئه‌لسه‌لمۆ، "شوێنه‌كه‌ كۆگای ده‌رمان بووه‌، به‌ڵام له‌ناو كۆگاكه‌دا ساردكه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌م ساردكه‌ره‌وه‌یه‌ ته‌رمی خراپبوو و ئێسكه‌په‌یكه‌ری تێدایه‌ كه‌ به‌نزیكه‌یی پێده‌چێت دوو ساڵ و نیوێك له‌مه‌وبه‌ر گیانیان له‌ده‌ست دابێت".

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "ژماره‌ له‌سه‌ر ئه‌و كیسانه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ریان نووسراوه‌ حه‌له‌ب - حه‌ریتان. نازانین ئه‌م ته‌رمانه‌ هی كێن. هه‌وڵده‌ده‌ین هه‌ر ورده‌كارییه‌ك بزانین كه‌ ئاماژه‌ به‌ ناسنامه‌یان بكات".

راشیگه‌یاند كه‌ "ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌توانین بیكه‌ین به‌ به‌ڵگه‌نامه‌كردنی ئه‌م ته‌رمانه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نیان بزانین، دواتر نمونه‌ وه‌ربگرین بۆ پشكنینی DNA بۆ دیاریكردنی ناسنامه‌كانیان".



PM:06:28:18/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت