سزای قەیسەر هەڵدەوەشێتەوە؟ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەڵامی وێستگەنیوز دەداتەوە


وێستگەنیوز_

دوای ڕوخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد پرسی هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەر دەخرێتەوە بەرباس بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، هەموو سزاکان لە شوێنی خۆیان ماون.

سزای قەیسەر ئەو سزایەی ئەمریکا بەناوی هاوڵاتییەکی سورییەوە ناوی ناو و دژی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد بەکاریهێنا، دوای ڕوخانی ڕژێمەکە چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە.

وێستگەنیوز لە ڕێگەی ئیمەیلی فەرمییەوە، پرسیاری چارەنووسی سزاکەی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد، ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتەکە لە وەڵامدا ڕایگەیاند، هەموو سزا و دەستنیشانکردنە پەیوەندیدارەکانی ئەمریکا دژی سووریا لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە. 

ڕووونیکردەوە، چوارچێوەی سزاکانی سووریا کۆمەڵێک مۆڵەت و لێخۆشبوون لەخۆدەگرێت بۆ ئاسانکاری لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان.

ئەگەرچی ئەمریکا جەخت لە مانەوەی سزاکان دەکات لەم کاتەدا بەڵام پابەندە بە هاوکاریکردنی گەلی سووریا لەم ساتە نائاساییەدا.

سزای قەیسەر چییە؟ 

سزای قەیسەر ساڵی 2019 لەلایەن کابینەکەی دۆناڵد ترەمپەوە دژی حکومەتی سووریا واژۆ کرا و ساڵی 2020 خرایە بواری جێبەجێ کردنەوە بە ئامانجی کۆتایهێنان بە جەنگ و ئەنجامدانی چاکسازی لە سووریا ، ئەو سزایە هەموو ئەو کۆمپانیایانەی کردە ئامانج کە لەگەڵ ئەسەد کاریان دەکرد.

یاسای قەیسەر، هاوکات لەگەڵ سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر تاک و کۆمپانیاکانی نزیک لە ئەسەد، لێپرسینەوەشی لەو کەسانە دەکرد کە بەرپرسیاربوون لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.

یاسای قەیسەر بە ناوی ئەو هاوڵاتییە سوورییەوە ناونرا کە سەدان وێنەی ئەشکەنجەدانی ناو زیندانەکانی سووریای گەیاندە کۆنگرێسی ئەمریکا، دواتر سزایەک بەناوی قەیسەر بەسەر 39 کەس و قەوارەی حکومەتی سووریا سەپێنرا لە ناویاندا بەشار ئەسەد سەرۆکی هەڵاتووی سووریا .

سزای بەردەوام دژی سووریا 

13 ساڵی ڕابردوو، ئەریکا بە ئامانجی ناچارکردنی حکومەتی سووریا بە دانوستان چەندین سزای جۆراوجۆری دژی بنەماڵەی بەشار ئەسەد و حکومەتی سووریا سەپاند.

بەشێک لە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر سووریا بریتین لە، سنووردارکردن و  سڕکردنی سەروەت و سامانی هەندێک کەس و لایەنی سیاسی و قەدەغەکردن و هەناردەکردنی هەندێک جۆری کاڵا و خزمەتگوزاریی ئەمریکی بۆ سووریا.


ڕوخانی ڕژێمەکەی ئەسەد

8ـی کانوونى یەکەمی 2024، کۆتایی بە دەسەڵاتى بەشار ئەسەد، سەرۆکى پێشووى سووریا هێنرا دواى ئەوەى چەکدارانى سەر بە دەستەى تەحریر شام دیمەشقى پایتەختیان کۆنترۆڵ کرد.

دوای 13 ساڵ، تا ئێستا سووریا لە شەڕێکی ناوخۆییدایە و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی سووریا لە دوای بەشار ئەسەد، ئایندەی سزا ئابووریەکانی سەر وڵاتەکە دیاری دەکات.

ڕۆژی 9ـی کانوونی یەکەمی 2024، دەستەی تەحریر شام محەممەد بەشیری بۆ پێکهێنانی حکومەتى قۆناغی راگوزەر راسپارد، کە لە سەرەتاى ئەم ساڵەوە بە سەرۆکى حکومەتى رزگاریی نیشتمانى سەر بەو گروپە دەستنیشانکرابوو.

ئەگەرچی هەنگاوەکانی تەحریر شام ئاڕاستەی بیادنەوەی سووریا دەبینرێت بەڵام ڕابردوو گروپەکە ئەگەری جیاواز دەهێنێتە ئاراوە چونکە تەحریر شام لەلایەن ئەمریکا و ئەورووپاوە خراوەتە لیستی تیرۆر، ئەمەش بەهۆی ئەوەی پێشتر ئەو گروپە ناوی (جەبهەتول نوسرە) بوو و سەر بە رێکخراوی قاعیدە بووە و تا ئێستاش ئەمەریکا نیازی دەرهێنانی گروپەکەی لە لیستی تیرۆر نیشان نەداوە.


AM:08:45:18/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 1232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو