ئیسرائیل هێرشه‌كانی‌ بۆسه‌ر دیمه‌شق ده‌ستپێكرده‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
سوپای‌ ئیسرائیل هێرشه‌كانی‌ بۆسه‌ر سوریا ده‌ستپێكرده‌وه‌و به‌ فڕۆكه‌ دوو ناوچه‌ی‌ دیمه‌شقی‌ پایته‌ختی‌ بۆردوومان كرد.


كه‌ناڵی‌ سكای نیوزی عه‌ره‌بی بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ سوپای‌ ئیسرائیل هێرشه‌كانی‌ بۆسه‌ر دیمه‌شق ده‌ستپێكرده‌وه‌.

سكای‌ نیوز له‌ زاری‌ په‌یامنێره‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیل به‌ نزمی به‌سه‌ر پایته‌ختی سوریادا فڕیون".

هاوكات كه‌ناڵی سوریا تیڤی بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ هێرشه‌كانی ئیسرائیل ده‌وروبه‌ری دیمه‌شقیان كردۆته‌ ئامانج، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ فڕۆكه‌ سه‌ربازییه‌كان به‌سه‌ر ئاسمانی پایته‌ختدا سووڕاونه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ك دانیشتوانی گه‌ڕه‌كه‌كانی رۆژئاوای دیمه‌شق رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ گوێیان له‌ دوو ته‌قینه‌وه‌ی به‌هێز بووه‌، كه‌ پێده‌چێت له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی سه‌ربازیی مه‌ززه‌ بێت.

ئاماژه‌شیان به‌وه‌داوه‌ كه‌ گوێیان له‌ ده‌نگی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كان بووه‌ كه‌ له‌ ئاسمانی لادێكانی باشووری رۆژئاوای دیمه‌شقدا ده‌سوڕانه‌وه‌.

له‌ دوای رووخانی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د و هاتنی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان بۆ دیمه‌شق، سوپای‌ ئیسرائیل هێرشه‌كانی‌ بۆ سه‌ر ناوچه‌ جیاوازه‌كانی‌ سوریا ده‌ستپێكرد كه‌ به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ روانگه‌ی‌ سوری‌ بۆ مافه‌كانی‌ مرۆڤ، .زیاتر له‌ 300 جار ناوچه‌ جیاوازه‌كانی‌ بۆردوومان كردووه‌ و زۆربه‌ی توانا سه‌ربازییه‌كانی سوپای سوریای له‌ناوبردووه‌.


PM:05:45:12/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 1216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت