به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر سه‌باره‌ت به ئاڵای نوێی سوریا بڕیاری دا
وێستگه‌نیوز-
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر له رۆژئاوای كوردستان بڕیاریدا ئاڵای نوێی سوریا له‌سه‌ر هه‌موو دامه‌زراوه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی سه‌ر به ئیداره‌كه‌ی هه‌ڵبكرێت.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، 12ی كانوونی یه‌كه‌می 2024، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر له باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا (رۆژئاوای كوردستان)، ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بۆ ڕای گشتی بڵاوكرده‌وه و تیایدا هاتووه كه "به بۆنه‌ی كۆتایی هاتنی سه‌رده‌می سته‌م و سته‌مكاری كه رژێمی سوریا بۆ ماوه‌ی زیاتر له نیو سه‌ده به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا سه‌پاند، له‌و ماوه‌یه‌دا سورییه‌كان به‌ده‌ست نادادپه‌روه‌ری و په‌راوێزخستن و دوورخستنه‌وه گیرۆده‌بوون، سوورییه‌كان مافی خۆیانه ئاهه‌نگ بگێڕن بۆ سه‌ركه‌وتنی ئیراده‌ی خۆیان و رووخاندنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ناڕه‌وایه".
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر ده‌ڵێت: "له‌ژێر ڕۆشنایی ئه‌م گۆڕانكارییه مێژووییه‌دا ئاڵای سه‌ربه‌خۆیی كه به سێ ڕه‌نگی 'سه‌وز، سپی و ڕه‌ش له‌گه‌ڵ سێ ئه‌ستێره سووره‌كه'، وه‌ك سیمبولی قۆناغی نوێ، گوزارشت له خواسته‌كانی گه‌لی سوریا ده‌كات".
ڕاشیگه‌یاند، "به پشتبه‌ستن به‌و ڕاستییه‌ی كه ناوچه‌كانی ئیداره‌ی خۆسه‌ر له ناوچه‌كانی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا، كه نوێنه‌رایه‌تی به‌شێكی دانه‌بڕاو له جوگرافیای سوریا ده‌كه‌ن و به‌هۆی ئه‌وه‌ی دانیشتووانی ئه‌و ناوچانه پێكهاته‌ی ره‌سه‌نی سوریان، بۆیه ئیداره‌ی خۆسه‌ر بڕیاریدا كه ئاڵای نوێی سوریا له‌سه‌ر هه‌موو دامه‌زراوه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی سه‌ر به ئیداره‌كه‌ی هه‌ڵبكرێت".
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر پابه‌ندبوونی خۆی به نوێنه‌رایه‌تیكردنی خواسته‌كانی گه‌لی سوریا و هه‌موو پێكهاته‌كانی دووپاتده‌كاته‌وه، رایگه‌یاند كه "كارده‌كه‌ین بۆ به‌هێزكردنی یه‌كێتی نیشتمانی له چوارچێوه‌ی سوریایه‌كی دیموكراتدا كه له‌سه‌ر بنه‌ماكانی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی له نێوان هه‌موو پێكهاته‌كانیدا دامه‌زراوه".
PM:04:51:12/12/2024
ئه‌م بابه‌ته 1596
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت