وردەکاریی نوێ لەبارەی هەڵهاتنی بەشار ئەسەد
وێستگەنیوز-
لەگەڵ پێشڕەوییە خێرا و لەناکاوەکانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەرەو دیمەشقی پایتەخت، چارەنووسی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا لە دەستی روسیادا بوو، کە چاوەڕێی ئەوە بوو بە هەموو شێوەیەک دەستوەردان بکات بۆ رزگارکردنی هاوپەیمانەکەی.
ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبی بە پشبەستن بە چەند سەرچاوەیەک بڵاویکردووەتەوە، سێ سەرچاوە بە ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ-یان راگەیاندووە، روسیا قەناعەتی بە ئەسەد کردووە کە لە شەڕەکەدا دەدۆڕێت و رێگەی سەلامەتی پێشکەش بە خۆی و خێزانەکەی کردووە ئەگەر دەستبەجێ بڕوات.
ئەو سەرچاوانە دەشڵێن، "ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا داوای ئەوە دەکات بزانێت بۆچی دەزگای هەواڵگری روسیا چاودێریی مەترسییە پەرەسەندنەکانی سەر دەسەڵاتی ئەسەدیان نەکرد".
دوو سەرچاوە رایانگەیاندووە، "بریکارە هەواڵگرییەکانی روسیا هەڵهاتنەکەیان رێکخستووە و ئەسەدیان لەرێگەی بنکە ئاسمانییەکەیان لە سوریا گواستەوە".
ئەوەشخراوەتەڕوو، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دوای رۆیشتنی ئەسەد، هێزەکانی ئۆپۆسیزیۆنی سوریا بەبێ رووبەڕووبوونەوە چوونە ناو دیمەشق و رووخانی رژێمی بەشار ئەسەدیان راگەیاند.
سەرۆکی سەنتەری شیکاری ستراتیژی و تەکنەلۆژیا کە بنکەکەی لە مۆسکۆیە، روسلان پوخۆف، وتی "زۆر لۆژیکییە" روسیا داوای خۆبەدەستەوەدانی ئەسەد بکات، چونکە دەیەوێت خۆی لە رژانی خوێن دووربخاتەوە".
رۆژی سێشەممەی رابردوو، سێرگی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، "بەشار ئەسەد لەلایەن روسیا میوانداری دەکرێت"، ئەمەش ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە ئەسەد لە روسیایە.
AM:10:27:12/12/2024
ئهم بابهته 1996
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت