حوسییه‌كان هێرشیان كرده‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك ئامانجی‌ ئه‌مریكا و ئیسرائیل


وێستگه‌نیوز-
گروپی‌ حوسییه‌كانی‌ یه‌مه‌ن، هێرشكردنه‌سه‌ر دوو تێكشكێنه‌ری ده‌ریایی و سێ كه‌شتی جه‌نگی ئه‌مریكا و ژماره‌یه‌ك ئامانج له‌ ئیسرائیل راگه‌یاند.


حوسییه‌كان رایانگه‌یاند كه‌ به‌ ئاراسته‌كردنی مووشه‌ك و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان، دوو تێكشكێنه‌ری ده‌ریایی و سێ كه‌شتی جه‌نگی ئه‌مریكا له‌ كه‌نداوی عه‌ده‌ن و ژماره‌یه‌ك ئامانجیان له‌ ناوه‌ڕاست و باشووری ئیسرائیل بۆردومان كردووه‌.

یه‌حیا سه‌ریع وته‌بێژی سه‌ربازیی حوسییه‌كان، له‌ راگه‌یاندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ چه‌كداره‌كانیان به‌ ئاراسته‌كردنی ژماره‌یه‌ك مووشه‌ك و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان، دوو تێكشكێنه‌ری ده‌ریایی و سێ كه‌شتی جه‌نگی ئه‌مریكایان له‌ كه‌نداوی عه‌ده‌ن، بۆردومان كردووه‌.

وته‌بێژی سه‌ربازیی حوسییه‌كان ده‌ڵێت: "ھێرشه‌كه‌، به‌ سه‌ركه‌توویی ئامانجه‌كانی پێكاوه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ به‌ ئاراسته‌كردنی دوو فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان، دوو ئامانجی سه‌ربازییان له‌ ناوچه‌كانی یافا "ناوه‌ڕاست" و "عه‌سقه‌لان" باشووری ئیسرائیل، بۆردومان كردووه‌.

لای‌ خۆیه‌وه‌ سوپای ئه‌مریكا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ دوو تێكشكێنه‌ری هێزی ده‌ریایی ئه‌مریكا كه‌ یاوه‌ریی 3 كه‌شتی بازرگانیان له‌ كه‌نداوی عه‌ده‌ندا ده‌كرد، هێرشێكی گرووپی حوسییه‌كانی یه‌مه‌نی هاوپه‌یمانی ئێرانیان پووچه‌ڵكرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا كه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مریكا له‌سه‌ر پلاتفۆرمی "X” بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هاتووه‌: "رۆژانی دووشه‌ممه‌ و سێشه‌ممه‌ حوسییه‌كان چه‌ند فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وان و مووشه‌كێكی كروزیان له‌كاتی تێپه‌ڕینی‌ كه‌شتییه‌كاندا به‌ كه‌نداوه‌كه‌دا هه‌ڵداوه‌”.

راشیگه‌یاند كه‌ "له‌ هێرشه‌ سه‌رشێتانه‌كه‌دا هیچ زیانێك به‌ هێزی ده‌ریایی ئه‌مریكا كه‌شتییه‌كان نه‌گه‌یشتووه‌ و زیانی گیانی‌ نه‌بووه‌".


PM:09:55:11/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت