"ده‌رگا نهێنییه‌كه‌"ی‌ گرتووخانه‌ی‌ سیدنایا دۆزرایه‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی بڵاوبووه‌ته‌وه‌ كه‌ تێیدا كۆمه‌ڵێك گه‌نج ئه‌و شوێنه‌ ده‌دۆزنه‌وه‌ كه‌ ده‌وترێت یه‌كێكه‌ له‌ ده‌رگا نهێنییه‌كانی ژێر گرتووخانه‌ی‌ سه‌ربازی‌ سیدنایا له‌ نزیك دیمه‌ش.

چالاكوانانی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌یان بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ تیایدا گه‌نجان و ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ به‌دوای ده‌رگا نهێنییه‌كانی‌ گرتووخانه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ ئه‌و ده‌ستگیركراوانه‌ی كه‌ له‌ ژێر زه‌ویدا له‌لایه‌ن رژێمی سوریاوه‌ راگیراون، دڵخۆشن.

گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆن دوای ئه‌وه‌ی‌ ده‌ستیان كرد به‌ چوونه‌ ناو دیمه‌شقی پایته‌ختی سوریا، به‌ر له‌وه‌ی‌ رووخانی رژێمه‌كه‌ی‌ به‌شار ئه‌سه‌د رابگه‌یه‌ندرێت، گرتووخانه‌ی سیدنایا-یان كۆنترۆڵكرد.

گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ دوای كۆنتڕۆڵكردنی گرتووخانه‌كه‌، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ زیندانیان ئازاد كرد، به‌ڵام زانیارییه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ژێرزه‌مینه‌ نهێنییه‌كانیدا، ژماره‌یه‌كی زۆر ده‌ستگیركراو هه‌ن و ده‌ستگه‌یشتن پێیان ئه‌سته‌مه‌.

پێشتر عه‌مار ئه‌لسه‌لمۆ، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رگری شارستانی سوریا له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ سكای نیوز عه‌ره‌بی وتی: "سه‌باره‌ت به‌ گرتووخانه‌ی سیدنایا، تیمه‌كانمان له‌ حومس و حه‌ما و حه‌له‌به‌وه‌ ناردووه‌، ئه‌وانیش به‌ ئامێری تایبه‌ت كارده‌كه‌ن بۆ شكاندنی‌ دیواره‌كان و هه‌وڵمانداوه‌ ده‌رگاكان بكه‌ینه‌وه‌”.


PM:10:54:09/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 20596 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت