ئه‌مریكا داوا له‌ هاووڵاتیانی ده‌كات "ده‌ستبه‌جێ" سوریا به‌جێبهێڵن


وێستگه‌نیوز-
به‌هۆی‌ ناسه‌قامگیری‌ دۆخی‌ سوریاوه‌، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا داوا له‌ هاوڵاتییه‌كانی‌ ده‌كات "ده‌ستبه‌جێ" ئه‌و وڵاته‌ به‌جێبهێڵن.


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا راگه‌یه‌ندراوێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا داوای له‌ هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی كرد ده‌ستبه‌جێ سوریا به‌جێبهێڵن و ئاماژه‌ی به‌ په‌ره‌سه‌ندنی توندی پێكدادانی چه‌كداری له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵاته‌كه‌ی كرد، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ دۆخی ئه‌منی ناسه‌قامگیر و پێشبینینه‌كراو بێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، كه‌ ئاژانسی رۆیته‌رز بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، هاتووه‌ كه‌ "وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ داوا له‌ هاوڵاتیانی ئه‌مریكی ده‌كات كه‌ ئێستا سوریا به‌جێبهێڵن له‌كاتێكدا بژارده‌ی گه‌شته‌ بازرگانییه‌كان له‌ دیمه‌شق به‌رده‌ستن”.

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی كه‌ مانه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێرن یان ناتوانن بچنه‌ ده‌ره‌وه‌، پێویسته‌ پلانی فریاگوزاری ئاماده‌بكه‌ن بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی بارودۆخه‌ سه‌خته‌كان و ئاماده‌بن بۆ ماوه‌ی درێژخایه‌ن له‌ شوێنی خۆیاندا ئه‌گه‌ر پێویست بكات.

ئه‌م هۆشدارییه‌ دوای ئه‌و پێشڕه‌وییانه‌ دێت كه‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌سه‌ر زه‌وی به‌ده‌ستیان هێناوه‌، وه‌ك چۆن به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ كۆنترۆڵی ته‌واوی خۆیان به‌سه‌ر شاری درعا راگه‌یاند.


AM:08:11:07/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت