ئه‌ردۆغان: ئامانجی‌ داهاتووی‌ چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریا دیمه‌شقه‌


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆك كۆماری‌ توركیا رایگه‌یاند كه‌ ئامانجی‌ داهاتووی‌ چه‌كداره‌ سورییه‌كانی‌ نزیك له‌ وڵاته‌كه‌ی‌، دیمه‌شقه‌، ده‌شڵێت: "هیوادارین به‌بێ هیچ كێشه‌یه‌ك به‌رده‌وام بن له‌ پێشڕه‌وییه‌كانیان".


ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری‌ توركیا له‌لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان وتی‌: "په‌یوه‌ندییمان به‌ به‌شار ئه‌سه‌د كرد و وتمان با پێكه‌وه‌ داهاتووی سوریا دیاری بكه‌ین، به‌داخه‌وه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ وه‌ڵامێكی ئه‌رێنیمان پێ نه‌درا".

وتیشی‌: "شاره‌كانی‌ ئیدلب، حه‌ما و حمس له‌ژێر ده‌ستی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریادان و ئامانجی‌ داهاتووش بێگومان دیمه‌شقه‌".

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌م پێشڕه‌وییه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن به‌رده‌وامه‌. هیوادارین ئه‌م پێشڕه‌وییه‌ له‌ سوریا به‌بێ كێشه‌ به‌رده‌وام بێت".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا ده‌سته‌ی ته‌حریری شام و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی تری‌ لایه‌نگری توركیا، هێرشیان بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی سوریا ده‌ستپێكرد و تا ئێستا شاره‌كانی حه‌له‌ب و حه‌مایان كۆنترۆڵ‌ كردووه‌ و به‌ره‌و شاری‌ حومس پێشڕه‌وی‌ ده‌كه‌ن.


PM:03:29:06/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 540 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت