هه‌سه‌ده‌: مورته‌زه‌قه‌كانی‌ توركیا هه‌ڵمه‌تێكی‌ گه‌وره‌ی‌ رفاندنی هاوڵاتیانیان ده‌ستپێكردووه‌


وێستگه‌نیوز-
هێزه‌كانی سوریا دیموكرات "هه‌سه‌ده‌" رایگه‌یاند، گروپه‌ چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا كه‌ هاوپه‌یمانی توركیان و به‌ "مورته‌زه‌قه‌" ناوی‌ بردوون، هه‌ڵمه‌تێكی‌ گه‌وره‌ی‌ رفاندنی‌ هاوڵاتیانیان ده‌ستپێكردووه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 5ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2024، ناوه‌ندی راگه‌یاندنی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات "هه‌سه‌ده‌"، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "گروپه‌ چه‌كداره‌ مورته‌زه‌قه‌كان (به‌كرێگیراوه‌كان)ی سه‌ر به‌ توركیای داگیركه‌ر، هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفراوانی ڕفاندن و كۆیله‌كردنیان له‌نێو ئه‌و هاوڵاتیه‌ مه‌ده‌نیانه‌ ئه‌نجامدا كه‌ له‌ ناوچه‌كانی شه‌هبا له‌ باكوری حه‌له‌ب گه‌مارۆدرابوون".

هه‌سه‌ده‌ ده‌ڵێت: "مورته‌زه‌قه‌كانی‌ توركیا  له‌ ناوچه‌كانی‌ شه‌هبا زیاتر له‌ 120 ئۆتۆمبێلیان رفاندوه‌ كه‌ سه‌دان هاوڵاتی مه‌ده‌نییان هه‌ڵگرتبوو و به‌نیازبوون به‌ره‌و ناوچه‌كانی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا بڕۆن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ چه‌كداره‌كان "هاوڵاتییه‌كانیان گواستوه‌ته‌وه‌ بۆ شوێنێكی نادیار له‌ نزیك ناوچه‌ی شێخ نه‌جار، ئه‌وه‌ش دوای دوو ڕۆژ له‌ ڕێگریكردن له‌وه‌ی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ چۆڵ بكه‌ن".

هه‌سه‌ده‌ راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "ئه‌و گروپانه‌ به‌ ئامانجی كۆیله‌كردن، زیاتر له‌ 15 هه‌زار هاوڵاتی مه‌ده‌نییان ده‌ستبه‌سه‌ركرد و ژماره‌یه‌كی زۆریان رفاندن".

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، گرووپه‌ چه‌كداره‌كان ئه‌و هاوڵاتیانه‌یان گه‌مارۆداوه‌ و برسییان كردوون و رێگرییان لێده‌كرێت ده‌ستیان به‌ ئاو و خۆراك بگات.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ رۆژی‌ هه‌ینی 29ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2024 گروپه‌ چه‌كداره‌كانی سوریای نزیك له‌ توركیا كه‌ دیارترینیان ده‌سته‌ی‌ ته‌حریری شام به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌بو محه‌مه‌د جولانی‌ بوو، دوای شه‌ڕكردن له‌ دژی‌ هێزه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ سوریا بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ 48 كاتژمێر كه‌ سه‌دان كوژراو و برینداری له‌ هه‌ردوولا و هاوڵاتی مه‌ده‌نی لێكه‌وته‌وه‌، چوونه‌ ناو شاری حه‌له‌ب  و ده‌ستیان به‌سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كدا گرت. رۆژی‌ شه‌ممه‌ زیاتر پێشڕه‌وییان كرد و توانییان زۆرینه‌ی‌ شاری‌ حه‌له‌ب بخه‌نه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتیانه‌وه‌ و رۆژ به‌رۆژ سنووری‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی‌ ده‌سه‌ڵاتیان فراوان ده‌كه‌ن.

ئه‌مڕۆش ئه‌و گروپه‌ چه‌كدارانه‌ی‌ نزیك له‌ توركیا توانییان بچنه‌ ناو شاری‌ حه‌ما و ده‌ستی‌ به‌سه‌ردا بگرن و هێزه‌كانی‌ رژێمی‌ سوریا و به‌شار ئه‌سه‌د شاره‌كه‌یان جێهێشت.


PM:06:56:05/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت