سێنتکۆم: کاروانێکی چەک و تەقەمەنی مەترسیدارمان لە دەوروبەری رووباری فوڕات تێکشکاند


وێستگەنیوز_

ئەمرۆ چوارشەممە 4ی 12ـی 2024، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، توانیویانە کاروانێکی چەک و تەقەمەنی لە نزیک بنکەیەکی هێزەکانیان لە دەوروبەری رووباری فوڕات تێکبشکێنن.
 
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، "ئەم بەیانییە هێزەکانی سێنتکۆم بە سەرکەوتوویی توانییان کاروانێکی چەک لە نزیک بنکەی پاڵپشتیی سەربازیمان لە دەوروبەری رووباری فوڕات لەناو ببەن". 

بنکەی پاڵپشتیی سێنتکۆم دەکەوێتە رۆژهەڵاتی سووریا و لە نزیک سنوورەکانی عێراقە. 
 
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "کاروانەکە لە سێ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر کە هاوێژەری مووشەک، تانکی تی64، ئۆتۆمبێلی گولـلەنەبڕ و چەند هاوەنێکیان تێدابوو تێکشکێندران". 

دووپاتیشی دەکاتەوە، ئەو چەکانە "مەترسیی جددی بوون لەسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی". 
 
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بۆردوومانەکە بۆ بەرگری لەخۆکردن بووە چونکە پێش ماوەیەکی کەم ژمارەیەک مووشەک و هاوەن لەو ناوچەیەوە ئاڕاستەی ئەو بنکەیان کرابوو.

باسی لەوەشکردووە، "هێزەکانیان و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سووریا، بەردەوام سەرنجیان لەسەر تێکشکاندنی داعشە. لەگەڵ هێزەکانیان لە ناوچەکە لە پەیوەندیدان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی سووریا و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە."


AM:09:50:04/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 920 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو