حەماس و فەتح لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە ڕێککەوتوون


وێستگەنیوز_ هێڤار هیوا AFP

دوو بەرپرسی بزووتنەوەی حەماس و فەتح ڕایانگەیاندووە، هەردوو بزووتنەوەکە ڕێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە، ئەمەش دوای کۆتایی هاتنی شەڕی نێوان بزووتنەوەکە و ئیسرائیل کە زیاتر لە 13 مانگە بەردەوامە.

سەرچاوەکە بە فرانس پرێسی راگەیاندووە، "بەشێک لە بەرپرسانی هەردوو بزووتنەوە چەکدارییەکە بە گومانن لە جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە."

چەند ڕۆژێکە گفتوگۆ لە قاهیرە لە نێوان بزووتنەوەی فەتح و حەماس بە سەرپەرشتی میسر بە ئامانجی گەیشتن بە میکانیزمێک بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە بەڕێوەدەچێت، کە لە ساڵی 2007ـەوە لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە بەڕێوەدەبرێت.

شەڕەکە بزووتنەوەی حەماسی ماندوو کردووە. لای خۆشیەوە ئیسرائیل هەر دەسەڵاتێک بۆ بزووتنەوەکە لە بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە ڕەتدەکاتەوە. ئەمەش دوای ئەو شەڕەی کە لە پاش هێرشێک بۆسەر باشووری ئەو وڵاتەوە سەریهەڵداوە.

لەو کاتەوە ئیسرائیل بە بۆردومان و ئۆپەراسیۆنی سەربازی وەڵامی  کەرتی غەززە داوەتەوە و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی حەماس، 44 هەزار و 502 کەس کوژراون و ژێرخانی غەززەی وێران کردووە.

بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس لە قاهیرەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "دوای گفتوگۆیەکی بنیاتنەر کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە قاهیرە بە سەرپەرشتی برایانمان لە میسر ئەنجامدرا، حەماس و فەتح ڕەزامەندییان لەسەر ڕەشنووسی ڕێککەوتنێک دەربڕیوە بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی پاڵپشتی کۆمەڵگەیی" بۆ ئەوەی دەست بەسەر ئیدارەی کەرتی غەززە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فەلەستین بگرن.

هاوکات، بەرپرسێکی فەتح پشتڕاستی کردووتەوە کە مەحمود عەباس سەرۆکی فەلەستین "دوای پەسەندکردنی ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە، فەرمانی سەرۆکایەتی بۆ ڕاسپاردنی ئەم لیژنەیە دەردەکات".

بەڵام جبریل ڕەجوب، ئەمینداری کۆمیتەی ناوەندی بزووتنەوەی فەتح ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە شاری ڕامەڵڵا بەڕێوەچوو وتی، "ئەمە چی لیژنەیەکە؟ کارێکی هەڵەیە گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە بکرێت، پێویستە پارێزگاری لە دەوڵەتی فەڵەستین و دەسەڵاتی نیشتیمانی بکەین."

ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێکدا وتی: "ئێمە یەک حکومەت و یەک چەتر و یەک سیاسەتمان دەوێت، هەر قسەیەک یان هەر هەوڵێک لە دەرەوەی ئەوە هەڵەیە؛ و نابێت بچینە لای لیژنەیەک لێرە یان لیژنەیەک لەوێ".

ئەوەشی خستەڕوو، "ئەم هەڵوێستە بڕیاری کۆمیتەی ناوەندی بزووتنەوەی فەتحە، ئێمەش نابینە لایەنێک بۆ هەر هەنگاوێک بۆ بەردەوامکردنی ئەو دابەشبوونە بە چوون بۆ ئەو گۆڕەپانە کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نەتانیاهۆ دەیەوێت".

سەرچاوەیەکی فەلەستینی نزیک لە دانوستانەکانی قاهیرە باسی لەوەشکردووە، ئەم بریارە رێگە خۆشکەر دەبێت بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە.

بەگوێرەی ڕەشنوسی ڕێککەوتنەکە کە کۆپییەکی دەست ئاژانسی فرانس پرێس کەوتووە، لیژنەکە کاروباری کەرتی غەززە بەڕێوەدەبات و دەسەڵاتی حکومەتی فەلەستینی دەبێت، هەروەها بەرپرسیار دەبێت لە هەموو بوارەکان: تەندروستی، ئابووری، پەروەردەیی، کشتوکاڵی، خزمەتگوزاری، کاری فریاگوزاری و چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی شەڕ و ئاوەدانکردنەوە.


PM:11:47:03/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو