"هه‌سه‌ده‌" ئاماده‌كاری بۆ ده‌ستپێكردنی‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی‌ سه‌ربازی دژی‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كان ده‌كات


وێستگه‌نیوز-
هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات "هه‌سه‌ده‌" ئاماده‌كاری‌ ده‌كات بۆ ئه‌نجامدانی‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی‌ سه‌ربازی‌ بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی حه‌وت گوندی ڕۆژهه‌ڵاتی فورات.


كه‌ناڵی‌ سكای‌ نیوزی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ به‌ تایبه‌ت ناوی‌ بردووه‌، بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی دێره‌زور ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنێك بۆ سه‌ر ئه‌و حه‌وت گونده‌ی كه‌ له‌لایه‌ن گرووپه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی فورات كۆنترۆڵكراون".

ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازی دێره‌زۆر، به‌شێكه‌ له‌ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌)، كه‌ زۆرینه‌یان له‌ هێزه‌ كوردییه‌كان پێكدێت.

به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كه‌ی سكای نیوزی عه‌ره‌بی، ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی دێره‌زور سه‌ركردایه‌تی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ ده‌كات كه‌ بڕیاره‌ له‌ژێر ناوی "شه‌ڕی گه‌ڕانه‌وه‌” ئه‌نجامی‌ بدات.

ئه‌و حه‌وت گونده‌ی‌ كه‌ هه‌سه‌ده‌ به‌نیازه‌ كۆنترۆڵیان بكاته‌وه‌ بریتین له‌ "ئه‌لحسێنییه‌، ئه‌لساڵحیه‌، حه‌تله‌، مه‌رات، مه‌زڵوم، خاشام و ئه‌لتابیه‌".

هاوكات روانگه‌ی‌ سوری‌ بۆ مافه‌كانی‌ مرۆڤ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات به‌ پشتیوانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌دات تا ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ژێر ده‌ستی‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان ده‌ربهێنێت.

چه‌ند ڕۆژێكه‌ باكووری سوریا هه‌ڵكشانێكی سه‌ربازی له‌ناكاو به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، گروپه‌ چه‌كداره‌ سورییه‌كانی‌ نزیك له‌ توركیا هێرشێكی بێوێنه‌یان ده‌ستپێكرد و چوونه‌ ناو شاری حه‌له‌ب، هاوكات سوپای سوریا به‌ پشتیوانی فڕۆكه‌وانی روسیا وه‌ڵامی دایه‌وه‌.

به‌گوێره‌ی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك، كورد هه‌ر زوو له‌و هه‌ڵكشانه‌ سه‌ربازییه‌ تێوه‌گلا.

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌، ڕوانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ هه‌واڵی هێرشێكی هاوته‌ریبی له‌ لادێكانی باكوری حه‌له‌ب بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ نزیك له‌ توركیا رووبه‌ڕووی‌ شه‌ڕڤانانی كورد بوونه‌وه‌ كه‌ بڕبڕه‌ی پشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكراته‌ كه‌ ئه‌مریكا پاڵپشتییان ده‌كات.

رامی عه‌بدولڕه‌حمان به‌ڕیوه‌به‌ری‌ روانگه‌ی‌ سوری‌ وتی‌: "ئامانجی هێرشه‌كانی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان، بڕینی ڕێڕه‌وی دابینكردنی هاوكاری‌ هێزه‌ كوردییه‌كان بووه‌ له‌ شاری مه‌نبه‌ج كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكووری رۆژهه‌ڵاتی پارێزگای حه‌له‌ب له‌ كه‌ناره‌كانی رۆژئاوای رووباری فورات".

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، به‌ڕێوه‌به‌رێتی‌ خۆسه‌ری رۆژئاوا، توركیای تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی‌ له‌ پشت هێرشه‌كه‌وه‌یه‌، پێیوایه‌ كه‌ ئامانجی توركیا "دابه‌شكردنی سوریا"یه‌.





PM:08:32:02/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 1576 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو