هاكان فیدان: هیچ كات هێنده‌ له‌ پێكدادانی شارستانیه‌ته‌كان نزیك نه‌بووینه‌ته‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاند كه‌ "هیچ كات به‌ واتای ڕاستی هێنده‌ له‌ پێكدادانی شارستانیه‌ته‌كان نزیك نه‌بووینه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ هۆشدارییه‌كه‌ بۆ مرۆڤایه‌تی".


له‌ میانی به‌شداری كردنی له‌ ده‌هه‌مین كۆڕبه‌ندی جیھانی ھاوپه‌یمانی شارستانیه‌ته‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ له‌ پورتوگال به‌ڕێوه‌ده‌چێت، هاكان فیدان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا وتارێكی پێشكه‌ش كرد و تیایدا باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ "جینۆسایدی ئیسرائیل ده‌رهه‌ق به‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كان كێشه‌كانی خراپتر كردووه‌".

فیدان وتی‌: "هیچ كات به‌ واتای ڕاستی هێنده‌ له‌ پێكدادانی شارستانیه‌ته‌كان نزیك نه‌بووینه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ هۆشدارییه‌كه‌ بۆ مرۆڤایه‌تی. چه‌نده‌ بێده‌نگ بین، په‌رته‌وازه‌بوون له‌ سیستمی نێوده‌وڵه‌تییدا هێنده‌ زیاتر روو ده‌دات".

جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌تا كێشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست چاره‌سه‌ر نه‌كرێن، ئه‌وا مه‌حاڵه‌ ئاشتیی درێژخایه‌ن به‌ واتای جیهانیی ده‌سته‌به‌ر ببێت.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ هه‌تا ده‌یان هه‌زار كه‌س له‌ نێویشیاندا منداڵانی بێتاوان له‌ غه‌ززه‌ بكوژرێن و، ملیۆنان كه‌س ڕووبه‌ڕووی برسێتیی و هه‌ژاریی و مه‌رگ بكرێنه‌وه‌، ئاشتی به‌دینایه‌ت.

راشیگه‌یاند كه‌ ''ئه‌و ولاتانه‌ی پشتیوانی له‌ هاوپه‌یمانی شارستانیییه‌ته‌كان و بنه‌مای به‌هاكانی ده‌كه‌ن، ناتوانن بێده‌نگ بن به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره‌ساته‌ مرۆییه‌ی له‌ غه‌ززه‌ ڕوو ده‌دات. له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی ئاشتیی له‌ فه‌ڵه‌ستین ده‌خوازن بوونیان له‌م هۆڵه‌دا له‌مڕۆدا ڕێككه‌وت نییه‌. ئه‌وانه‌ لێره‌ بوونیان نییه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت ناتوانن وشه‌ی ئاگربه‌ست بڵێن. ئه‌وانه‌ی به‌بێ ڕێزگرتن له‌ یاسای نێوده‌وڵه‌تیی و به‌ها گه‌ردوونییه‌كان وانه‌مان داده‌ده‌ن، ئه‌مڕۆ له‌م هۆڵه‌دا نین، چونكه‌ ئه‌مه‌ هاوپه‌یمانییه‌كی ئاشتییه‌. هاوپه‌یمانییه‌كی ئاشتییه‌ نه‌ك ته‌نیا له‌ ڕۆژئاوا، به‌ڵكو له‌ ته‌واوی جیهان به‌ فه‌ڵه‌ستینیشه‌وه‌".


PM:06:40:26/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو