هاکان فیدان: دەستپێشخەرییەكەی عێراقمان قبوڵە بۆ نێوەندگیریكردن لەنێوان توركیا و سوریا


وێستگەنیوز-

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشکرایکرد، دەستپێشخەرییەكەی عێراقمان قبوڵە بۆ نێوەندگیریكردن لەنێوان توركیا و دیمەشق، ئاماژەی بەوەشکرد، دوای كۆبونەوەی سێقۆڵی و دەستپێكردنی گفتوگۆكان دەكەین.


هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند، "وڵاتەكەی كراوەیە بەرووی ئەو دەستپێشخەرییەی عێراق پێشكەشی كردووە، بۆ نێوەندگیری لەنێوان تورکیا و سوریا"، هەروەها داوای كۆبوونەوەیەكی سێ‌ قۆڵیشی كرد لەنێوان هەرسێ‌ وڵات، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پرسەكانی جێی بایەخی هاوبەش.

ئاماژەی بەوەشکرد، "توركیا، سوریا و عێراق دراوسێ و هاوبەشن لە سنووری وشكانیدا، پێویستە لەسەریان هاوشێوەی رابردوو كۆببنەوە بەشێوەیەكی رێكخراو".

جەخیشی لە بایەخی سنوورەكانی نێوان عێراق و سوریا كردەوە، بەتایبەت لەبواری رووبەڕوبوونەوەی تیرۆر و رێگەگرتن لە بە قاچاغبردنی چەك.

وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوە کرد، لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی کەرکوک دەکەن و وتی، "ئێمە بە هەموو دامەزراوەکانمانەوە پشتیوانی تورکمانەکان دەکەین و داکۆکی لە مافەکانیان دەکەین. بێگومان لەدژی گۆڕینی ژمارەی دانیشتووان و دیمۆگرافیاین. بەردەوام پەیوەندیی جیدیمان لەگەڵ بەرەی تورکمانیدا هەیە. بەر لە سەرژمێری هەروەک دەزانن پرسی پارێزگار هەبوو".


AM:09:10:24/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت