دەسەڵاتی دادوەریی ئێران: سكاڵا لە دژی ئەو ژنەی لەناو زانکۆ خۆی رووتکردەوە تۆمار نەکراوە


وێستگەنیوز_

ئەمرۆ سێشه‌ممه‌، 19ـی تشرینی دووه‌می 2024، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، "هیچ سکاڵایەک لەسەر ئەو ژنەی لەناو زانکۆ خۆی رووتکردەوە، تۆمار نەکراوە."
 
ئەسغەر جەهانگیر، وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو کەسە نەخۆش بووە، رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و دیاری کراوە کە نەخۆشە، ئێستا رادەستی خێزانەکەی کراوەتەوە."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئاهو دەریایی، ئێستا لای خێزانەکەی چارەسەر وەردەگرێت، هیچ سکاڵایەک لە سیستمی دادوەری دژی تۆمارنەکراوە."
 
ئاهو دەریایی، خوێندکاری زانکۆی ئازادی تارانە و لە 2ـی 11ـی 2024 لەناو زانکۆ بەشێکی زۆری جلەکانی لابرد و دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
 
دەستگیرکردنی ئەو خوێندکارە کاردانەوەی لێکەوتەوە، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس سەبارەت بە گواستنەوەی ژنەکە بۆ "نەخۆشخانەیەکی دەروونی" نیگەرانی خۆی دەربڕی.
 
مای ساتۆ، پەیامنێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاند، بە وردی چاودێری دەستبەسەر کردنی ئاهو دەریایی و کاردانەوەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو بارەیەوە دەکات.


PM:09:07:19/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت