ئه‌نقه‌ره‌ گواستنه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی حه‌ماس بۆ توركیا ره‌ت ده‌كاته‌وه‌

‌کۆبوونەوەی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی مەکتەبی سیاسی حەماس لە ئۆکتۆبەری ڕابردوو (وەزارەتی دەرەوەی تورکیا)

وێستگه‌نیوز-
ئه‌نقه‌ره‌ گواستنه‌وه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسی فه‌له‌ستینی‌ بۆ توركیا ره‌ت ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ هات كه‌ هه‌واڵه‌كان باس له‌وه‌كه‌ن كه‌ قه‌ته‌ر داوای لێكردوون ئه‌و وڵاته‌ به‌جێبهێڵن.


چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا، ئه‌و هه‌واڵانه‌ی‌ ره‌ت كرده‌وه‌ كه‌ باس له‌ گواستنه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس بۆ ئه‌نقه‌ره‌ ده‌كه‌ن.

سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن: "ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی كه‌ باس له‌ گواستنه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس بۆ توركیا ده‌كه‌ن، ره‌نگدانه‌وه‌ی راستییه‌كان نین".

هه‌ر ئه‌مڕۆ حه‌ماس به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا "ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ندێك میدیای ئیسرائیلیدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ رۆیشتنی سه‌ركرده‌كانی حه‌ماس له‌ قه‌ته‌ره‌وه‌ بۆ توركیا” ره‌تكرده‌وه‌ و پێی وایه‌ كه‌ "ئه‌م هه‌واڵه‌ ته‌نها ده‌نگۆیه‌ و داگیركه‌ر جارجاره‌ بڵاوی ده‌كاته‌وه‌".

سه‌ركرده‌كانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس ناوبه‌ناو سه‌ردانی توركیا ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا و به‌رپرسانی باڵای توركیا كۆده‌بنه‌وه‌.

رۆژی 18ی ئۆكتۆبه‌ر، هاكان فیدان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ ئیسته‌نبوڵ پێشوازی له‌ شاندێكی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی حه‌ماس و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شورای بزووتنه‌وه‌كه‌، محه‌مه‌د ده‌روێش كرد و پێكه‌وه‌ باسیان له‌ دۆخی مرۆیی فه‌له‌ستینییه‌كان كرد، به‌تایبه‌تی له‌ باكووری غه‌ززه‌ و ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێك دراون.

هه‌فته‌ی رابردوو قه‌ته‌ر رایگه‌یاند كه‌ حه‌ماس و ئیسرائیلی ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌وڵه‌كانی نێوه‌ندگیری به‌ ئامانجی گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنی ئاگربه‌ست و ئاڵوگۆڕی دیل و بارمته‌كان بلۆك ده‌كات تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌و دوو لایه‌نه‌ جددیه‌ت و ئیراده‌یه‌كی راسته‌قینه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كان نیشان ده‌ده‌ن.

له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردوویدا بۆ ئه‌نقه‌ره‌، ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌گه‌ڵ شێخ ته‌میم بن حه‌مه‌د ئال سانی میری قه‌ته‌ر، په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی دۆخی غه‌ززه‌ و فه‌له‌ستین و فراوانكردنی شه‌ڕی ئیسرائیل له‌ ناوچه‌كه‌ و درێژبوونه‌وه‌ی بۆ لوبنان و ناوچه‌كانی تر تاووتوێ كرد.

سه‌ردانه‌كه‌ی میری قه‌ته‌ر بۆ توركیا له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ راپۆرته‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ده‌وحه‌ داوای له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس كردووه‌ كه‌ له‌سه‌ر داوای ئه‌مریكا ده‌وحه‌ به‌جێبهێڵن. به‌ڵام سه‌رچاوه‌كانی حه‌ماس رایانگه‌یاند كه‌ ئه‌مه‌ "ورد نییه‌"، ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد كه‌ فشاره‌كانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر قه‌ته‌ر گه‌وره‌ نه‌بوون و ره‌نگه‌ فشاره‌كانی سه‌ر قه‌ته‌ر كاریگه‌ری نه‌رێنی هه‌بێت.

سه‌رچاوه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس پێیانوایه‌ كه‌ هه‌واڵه‌كان سه‌باره‌ت به‌ داواكاری‌ ده‌وحه‌ له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی بۆ جێهێشتنی‌ وڵاته‌كه‌، جۆرێك له‌ فشاره‌ كه‌ له‌لایه‌ن میدیای ئه‌مریكاوه‌ به‌ ئامانجی ئاسانكاری بۆ ئه‌ركی ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراو، سه‌باره‌ت به‌ ڕاگرتنی جه‌نگی ئیسرائیل.

راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌گه‌ر داوا له‌ سه‌ركردایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس بكرێت ده‌وحه‌ به‌جێبهێڵێت، ئه‌وا ده‌چێته‌ توركیا، ئێران، یان لوبنان.

ئایاری رابردوو، هاكان فیدان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "گواستنه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس بۆ توركیا له‌ ئێستادا له‌ به‌رنامه‌دا نییه‌، هه‌روه‌ها دوای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین (حه‌ماس) ده‌گۆڕێت بۆ بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی”، داوای كرد بزووتنه‌وه‌كه‌ "هه‌ڵوێستێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ری دوو ده‌وڵه‌تی بگرێته‌به‌ر".

له‌ ساڵی 2012ه‌وه‌ تا ئێستا، قه‌ته‌ر میوانداری سه‌ركردایه‌تی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی‌ فه‌له‌ستینی‌ ده‌كات.


PM:08:01:18/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت