سەرکردەی 20 ئابوورییە گەورەکەی جیهان لە بەرازیل کۆدەبنەوە
وێستگەنیوز_
سەرکردەی 20 ئابوورییە گەورەکەی جیهان کە بە G20 دەناسرێن، بۆ کۆبوونەوەیەکی دوو رۆژی لە بەرازیلن. لەو بارەیەوە، لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەرازیل ڕایگەیاند: "زیاتر لە 40 وڵات بەشداریی لووتکەی گروپی 20 دەکەن، کە لە ڕیۆ دی جانیرۆ دەست پێ دەکات."
ئەمرۆ دووشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2024، لولا دا سیلڤا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نوسیویەتی: "نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستی بە چاکسازی هەیە بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لەوەی بڕیارەکانی ڕێزیان لێ دەگیرێت."
دوێنێ یەکشەممە، لولا دا سیلڤا، لەگەڵ سەرۆکی ئەنگۆلا جواو لۆرێنسۆ، سەرۆک وەزیرانی ڤێتنام فام مین تین، سەرۆک کۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک وەزیرانی مالیزیا، ئەنوەر ئیبراهیم، سەرۆک وەزیرانی مالیزیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و سیریل ڕامافۆسا، سەرۆکی ئەفریقای باشوور کۆبووەوە بۆ بەشداریی لە چالاکییەکەدا. سەرۆکی بەرازیل هەروەها لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین و شاندی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کۆبووەوە.
شایانی باسە، هاتنی شی جینپینگ، سەرۆکی چین، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، یۆن سیۆک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، خاڤیێر میلی، سەرۆکی ئەرجەنتین و گوستاڤۆ پترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ئامادەی لووتکەکە دەبن.
بڕیارە لە 18 تا 19ـی ئەم مانگە لووتکەی گروپی 20 لە ڕیۆ دی جانیرۆ بەڕێوە بچێت و بەرەنگاربوونەوەی هەژاری، دابینکردنی پارە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و ژمارەیەک دەستپێشخەریی دیکەی فرەنەتەوەیی تەوەری سەرەکیی سەر مێزەکەیان بێت.
کۆبوونەوەی لووتکە لە مۆزەخانەی هونەرە هاوچەرخەکانی ریۆ دی جانێرۆ دەکرێت.
ئاساییشی شوێنەکە تووندکراوە، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە کۆبوونەوەکە چەند رۆژێکی کەم دوای ئەوە دێت کە کەسێکی راستڕۆی تووندڕۆ هەوڵیدا بە بۆمب هێرش بکاتە سەر دادگەی باڵای بەرازیل لە بەرازیلیای پایتەختی وڵاتەکە و دواتر خۆی کوشت.
AM:09:54:18/11/2024
ئهم بابهته 180
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت