سعوودیە لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 100 کەسی بیانی لە سێدارە داوە
وێستگەنیوز_ هێڤار هیوا
سعوودیە لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە زیاتر لە 100 هاوڵاتی بیانی لە سێدارە داوە، ئەمەش ئامارێکی نوێیە و ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بەدواداچوونی بۆ کردووە.
ئاژانسی هەواڵی سعوودیە رایگەیاند: ڕۆژی شەممە 16ـی 11ـی 2024، سزای لەسێدارەدانی هاوڵاتییەکی یەمەنی جێبەجێکراوە کە، تاوانێکی ئەنجامداوە و لە یاساکانی شانشینی سعوودیەدا سزای لەسێدارەدانی هەیە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، سزادراوەکە ناوی مووسا محەممەد عەبدوڵڵا ساڵحە و بە تۆمەتی بە قاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر بۆ ناو ئەو وڵاتە سزادراوە. پاش لە سێدارەدانی ئەم هاوڵاتییەش، رێژەی ئەو کەسانەی لەمساڵدا هەتا دوێنێ شەممە 16ـی 11ـی 2024 لەو وڵاتە لە سێدارە دراون، گەیشتە 101 کەس.
تەها ئەلحەجی، بەڕێوەبەری یاسایی ڕێکخراوی ئەوروپی سعوودیە بۆ مافەکانی مرۆڤ ESOHR کە بنکەکەی لە بەرلینە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە: ئەمە زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدانی بیانییەکانە لە ماوەی ساڵێکدا.
ئاشکراشیکردووە، لە ساڵی 2022 و 2023 دا، رێژەکە وەک ئەمساڵ نەبووە و 34 کەس کەمتر لە سێدارەدرابوون.
هاوکات، سعوودیە بەهۆی زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان ڕووبەڕووی ڕەخنەی تووند و دووبارەی وڵاتانی رۆژئاوا دەبێتەوە.
ڕێکخراوەکانی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ دەڵێن: ئەم لەسێدارەدانانە وێنای سعوودیە بۆ جوانتر نیشاندانی وڵاتەکەی و بانگەشە بۆ چاکسازی کۆمەڵایەتی و ئابووری تێکدەدات.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، سعوودیە لە ڕیزبەندی سێهەمی ئەو وڵاتانەدایە لە ساڵانی 2023 و 2023ـدا زۆرترین سزای لەسێدارەدانیان لە جیهاندا ئەنجامداوە؛ و دوای چین و ئێران، پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە.
PM:04:30:17/11/2024
ئهم بابهته 412
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت