چالاكوانێكی ئێرانی وه‌ك ناڕه‌زایه‌تییه‌ك دژ به‌ سه‌ركه‌وتكردن كۆتایی به‌ ژیانی خۆیده‌هێنێت


وێستگەنیوز_

كیانۆش سه‌نجه‌ری، رۆژنامه‌نووس و چالاكوانی سیاسی و ته‌مه‌نی 42 ساڵ، وه‌ك ناڕه‌زایه‌تییه‌ك دژ به بارودۆخی‌ خراپی سیاسی وڵاته‌كه‌ی و هه‌ڵمه‌تی سه‌ركه‌وتكردنی ئۆپۆزسیۆن و چالاكوانان كه‌ خۆی یه‌كێك بوو له‌ قوربانییه‌كانی، كۆتایی به‌ ژیانی خۆی هێنا.

كه‌سێكی نزیكی كیانۆش، دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 13ی تشرینی دووه‌می 2024، له‌ چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ رادیۆی ئه‌وروپای ئازاد، هه‌واڵه‌كه‌ی پشتڕاستكردووه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها هاوڕێكانی له‌ میانه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی كۆمێنته‌كانیان له‌سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس، مردنی كیانۆش پشتڕاستده‌كه‌نه‌وه‌.

كیانۆش ساڵی 2015 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئێران، تاكو چاودێری دایكه‌ به‌ساڵاچووه‌كه‌ی بكات، له‌و كاته‌وه‌ ده‌زگا ئه‌منی و هه‌واڵگرییه‌كانی ئێران، چه‌ندین جار ده‌ستگیریانكردووه‌.

ئه‌م چالاكوانه‌ چه‌ند كاتژمێرێك پێش خۆكوشتنی، له‌سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس، بڕیاری كۆتاییهێنان به‌ژیانی خۆی بڵاوده‌كاته‌وه‌.

كیانۆش داوای له‌ حكومه‌تی ئێرانی كردبوو، له‌ ماوه‌یه‌كی كورت و دیاریكراودا، چوار چالاكوان و رۆژنامه‌نووس ئازاد بكات. به‌ڵام حكومه‌تی ئێرانی به‌ده‌م داواكه‌یه‌وه‌ نه‌هاتووه‌.
دواتر كیانۆش له‌ تویتێكی دیكه‌دا رایگه‌یاند: "هیوادارم رۆژێك له‌ رۆژان، ئێرانییه‌كان به‌خه‌به‌ربێن و به‌سه‌ر سه‌ركوتكردندا سه‌ركه‌ون".

كیانۆش ساڵی 1982 له‌ تاران هاتووه‌ دونیاوه‌، له‌ رۆژگاری خوێندی له‌ زانكۆ، ده‌ستی به‌ چالاكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كردووه‌، ساڵی 2006 به‌ هۆی فشاره‌كانه‌وه‌، ناچار ده‌بێت ئێران به‌جێبهێڵێت.

سه‌ره‌تا رووده‌كاته‌ هه‌رێمی كوردستان، پاشان ده‌ڕوات بۆ نه‌رویج، ئینجا له‌وێوه‌ ده‌ڕوات بۆ ئه‌مریكا و له‌ تاراوگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر چالاكییه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی.

دوای گه‌یشتنی به‌ ئه‌مریكا، له‌گه‌ڵ رادیۆی ده‌نگی ئه‌مریكا و رێكخراوه‌كانی له‌ نموونه‌ی "رێكخراوی مافه‌كانی مرۆڤی ئێرانی" ده‌ستبه‌كار ده‌بێت و راپۆرت له‌سه‌ر بارودۆخی مافه‌كانی مرۆڤ و زیندانییه‌ سیاسییه‌كانی ئێران ئاماده‌ ده‌كات و بڵاویانده‌كاته‌وه‌.

ساڵی 2015 و دوای به‌سه‌ربردنی چه‌ندین ساڵ له‌ تاراوگه‌، بڕیارده‌دات بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئێران و چاودێری ته‌ندروستی دایكه‌ به‌ساڵاچووه‌كه‌ی بكات، ئه‌گه‌رچی ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ی پڕ بووه‌ له‌ مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ژیانی.

به‌ڵام چه‌ند رۆژێك دوای هاتنه‌وه‌ی بۆ ئێران، ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ئێران ده‌ستگیری ده‌كه‌ن و سزای 11 ساڵ زیندانی بۆ ده‌رده‌كه‌ن.

له‌ ماوه‌ی زیندانیكردنه‌كه‌یدا، ده‌یگوازنه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ده‌روونی و دووچاری ئه‌شكه‌نجه‌ و خراپ مامه‌ڵه‌كردن ده‌بێت، له‌ زیندان زۆر به‌ خراپی ره‌فتاری له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن و دواجار كۆتایی به‌ ژیانی خۆی ده‌هێنێت.


PM:03:43:14/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت