ئیسرائیل وه‌ك دیارییه‌ك بۆ ترەمپ پلانی ئاگربه‌ست له‌ لوبنان ئاماده ‌ده‌كات


وێستگەنیوز_

له‌كاتێكدا گرژی و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی به‌ره‌ی شه‌ڕی ئیسرائیل لوبنان به‌رده‌وامه و له‌ هه‌ڵكشاندایه‌‌، ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 14ـی تشرینی دووه‌می 2024، رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئیسرائیل وه‌ك دیارییه‌ك بۆ دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریكا، پلانی ئاگربه‌ست له‌ لوبنان ئاماده‌ ده‌كات.

وه‌زیرێكی حكومه‌تی ئیسرائیل‌، ئه‌و پێشنیاره‌ی له‌گه‌ڵ ترەمپ و گارید كۆشنه‌ر باسكردووه‌، له‌م باره‌یه‌وه‌ یاریده‌ده‌رێكی نزیك له‌ بینیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، به‌ ترەمپ و كۆشنه‌ری راگه‌یاندووه‌: ئیسرائیل په‌له‌یه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ لوبنان بگاته‌ به‌ رێكه‌وتنی ئاگربه‌ست.

له‌م باره‌یه‌وه‌، سه‌رچاوه‌كانی هه‌ردوو كه‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بییه‌ و ئه‌لحه‌ده‌س، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌مریكا، كار ده‌كات بۆ چاره‌سه‌ركردنی خاڵێكی بنه‌ڕه‌تی ناكۆكییه‌كان كه‌ رێگره‌‌ له‌به‌رده‌م گه‌یشتن به‌ ئاگربه‌ست له‌ لوبنان و بریتییه‌ له‌ لیژنه‌ی كۆنترۆڵكردنی چاودێریكردنی سنوور و چاودێریكردنی دوورخستنه‌وه‌ی حزبووڵڵا و چه‌كه‌كانی له‌ باكووری لیتانی.

خاڵێكی دیكه‌ی ناكۆكی كه‌ دانوستانی له‌سه‌ر ده‌كرێت، بریتییه‌ له‌ داوایه‌كی ئیسرائیل به‌وه‌ی مافی هه‌بێت تاك لایه‌نه‌ له‌ لوبنان، هه‌ر چالاكییه‌كی بووێت دژ به‌ حزبووڵڵا ئه‌نجامی بدات.

لای خۆیه‌وه‌ یسرائیل كاتز، وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل، وادیاره‌ سوورە له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ و ده‌ڵێت بێ بوونی دەستەبەركردنی مافی تاك لایه‌نه‌ دژ به‌ حزبووڵڵا، هیچ ئاگربه‌ستێك روونادات.

به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پرۆژه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆ گه‌یشتن به‌ رێكه‌وتن كۆمه‌ڵێك خاڵی سه‌ره‌كی تێدایه‌ كه‌ رێكه‌وتوون له‌سه‌ری، له‌وانه‌ حه‌وت رۆژ دوای واژۆكردنی رێكه‌وتنه‌كه‌، هێزه‌كانی ئیسرائیل له‌ باشووری لوبنان بكشێته‌وه‌ و سوپای لوبنان ئیداره‌ی ناوچه‌كه‌ بكات. هه‌روه‌ها پابه‌ندبوونی لوبنان به‌ چاودێریكردنی جووڵه‌ی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵێت بگات به‌ ده‌ستی حزبووڵڵا.

هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ كاتێكدایه‌، سه‌رچاوه‌كانی ئه‌و دوو كه‌ناڵه‌، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن سه‌ركردایه‌تی سیاسی له‌ ئیسرائیل، رازیبووه‌ به‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ زه‌مینییه‌كه‌ی سه‌ر لوبنان، بڕواته‌ قۆناغی دووه‌مه‌وه‌ و كۆمه‌ڵێك گوندی دیكه‌ی باشوری لوبنان له‌خۆبگرێت.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ هاوکاتە لەگەڵ، پانتایی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر لوبنان و به‌رده‌وامی شه‌ڕه‌كانی باشوور، له‌ زیادبوون و په‌ره‌سه‌ندنی زۆرتردایه‌ و سوپای ئیسرائیل كوژرانی شه‌ش سه‌ربازی له‌و ناوچانه‌ راگه‌یاند.

له‌م باره‌یه‌وه‌ رۆژنامه‌ی مه‌عاریف بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، سوپای ئیسرائیل قۆناغی دووه‌می ئۆپه‌راسیۆنه‌ زه‌مینییه‌كه‌ی بۆ سه‌ر لوبنان ده‌ستپێكردووه‌ و ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ ته‌ركیز ده‌خاته‌ سه‌ر له‌ناوبردنی توانا سه‌ربازییه‌كانی حزبووڵڵا.


PM:03:12:14/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت