باڵیۆزی ئێران له‌ لوبنان دوای برینداربوونی چاوی و له‌ده‌ستدانی چه‌ند په‌نجه‌یه‌كی ده‌ركه‌وته‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
موجته‌با ئه‌مانی باڵیۆزی ئێران له‌ لوبنان، دوای ئه‌وه‌ی له‌ ته‌قینه‌وه‌كانی ئامێره‌كانی په‌یجه‌ر له‌ به‌رواری 17ی ئه‌یلولی رابردوو، بریندارده‌بێت، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 12ی تشرینی دووه‌می 2024، بۆ یه‌كه‌مجار دوای ئه‌و ماوه‌یه‌، له‌گه‌ڵ عه‌باسی عه‌راقچی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی ده‌ركه‌وته‌وه‌.


موجته‌با له‌و وێنانه‌ی میدیا فه‌رمییه‌كان بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌، وا ده‌رده‌كه‌وێت چاوی بریندار بووه‌ و ده‌ستیشی پێچراوه‌. هه‌روه‌ها ده‌سته‌كه‌ی دیكه‌شی یه‌كێك له‌ په‌نجه‌كانی پێوه‌نه‌ماوه‌.

هه‌موو ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌، پێشبینی ده‌كرێت موجته‌با كه‌ دوای برینداربوونی له‌ ته‌قینه‌وه‌ی ئامێره‌كانی په‌یجه‌ر و گواستنه‌وه‌ی بۆ تاران، بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ر كاره‌كه‌ی له‌ به‌یروت، ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ی چاكبووه‌ته‌وه‌ و به‌م نزیكانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌یروت.

سه‌رچاوه‌كانی كه‌ناڵه‌كانی‌ ئه‌لعه‌ره‌بیه‌ و ئه‌لحه‌ده‌سی‌ سعودی‌، له‌ كاتێكی پێشتری ئه‌م مانگه‌دا، ئه‌وه‌یان ئاشكرا كرد كه‌ موجته‌با به‌م نزیكانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ر كاره‌كه‌ی له‌ باڵیۆزخانه‌ی ئێران له‌ به‌یروت.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌وه‌شدا باڵیۆزی ئێران، بۆ چاوی زیاد له‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی ئه‌نجامداوه‌ و ورده‌ ورده‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی باش بینینی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ پێشتر باسیان له‌وه‌ كردبوو ده‌سه‌ڵاتدرانی ئێران، موجته‌با ئه‌مانی و زیاد له‌ 100 ئه‌ندامی حزبوڵا كه‌ هه‌م چاو و هه‌م ده‌ستیان به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار بریندارببوون، گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ ئێران.

ئاشكرایه‌ ته‌قینه‌وه‌كانی په‌یجه‌ر له‌ چه‌ندین ناوچه‌ی لوبنان و له‌ یه‌ك كاتدا و له‌ 17ی ئه‌یلولی رابردوو رویدا و بووه‌ هۆی برینداربوونی نزیكه‌ی 3 هه‌زار كه‌س و كوژرانی ده‌یان كه‌سی دیكه‌، كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆریان ئه‌ندامانی حزبوڵا بوون.

ئه‌و رووداوه‌، به‌ گه‌وره‌ترین دزه‌كردنی ئه‌منی وه‌سفكرا و گوزرێكی له‌ناكاو بوو به‌ر حزبوڵا كه‌وت، به‌ تایبه‌ت رۆژی دوای رووداوه‌كه‌، ژماره‌یه‌ك ته‌قنه‌وه‌ی دیكه‌ ئه‌نجامدرا و ئه‌و ئامێره‌ بێ ته‌لانه‌ كرانه‌ ئامانج كه‌ ئه‌ندامانی حزبوڵا به‌كاریانده‌هێنان.


PM:06:52:12/11/2024






ئه‌م بابه‌ته 788 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو