سوپای ئیسرائیل بڕیارێكی‌ نوێی‌ سه‌باره‌ت به‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ زه‌مینییه‌كانی‌ له‌ لوبنان دا


وێستگه‌نیوز-
سوپای ئیسرائیل ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕی له‌سه‌ر فراوانكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌ زه‌مینییه‌كانی‌ له‌ لوبنان و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت هه‌زاران سه‌ربازی ئیسرائیلی‌ به‌شداری‌ تێدا بكه‌ن.


ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، هێرتسی هالێڤی، سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای ئیسرائیل، ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕی له‌سه‌ر فراوانكردنی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی زه‌مینی له‌ باشووری لوبنان.

به‌پێی ئاماره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی په‌خشی ئیسرائیل، پلانی نوێ بۆ فراوانكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان له‌ باشووری لوبنان په‌سه‌ند كراون و پێشبینی ده‌كرێت هه‌زاران سه‌ربازی ئاسایی و یه‌ده‌گی ئیسرائیل به‌شداری تێدا بكه‌ن.

له‌ كۆتایی هه‌فته‌دا، هالیڤی پلانی نوێی بۆ فه‌رمانده‌یی باكوور په‌سه‌ند كرد، ئه‌مه‌ش به‌ واتای فراوانكردنی مانۆڕی زه‌مینی بۆ ناوچه‌ نوێیه‌كان دێت.

ده‌سته‌كه‌ له‌ زاری به‌رپرسانی باڵای سوپاوه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "پلانه‌ نوێیه‌كان به‌ شێوه‌یه‌ك داڕێژراون كه‌ رێگه‌ به‌ سوپای ئیسرائیل بدات ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی تا ئێستا به‌ده‌ستی هێناوه‌ زیاتر بكات، هه‌روه‌ها بگاته‌ ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ حزبوڵای لوبنان تیایاندا چالاكی ده‌كات”.

بڕیاری فراوانكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌ زه‌مینییه‌كان له‌ باشووری لوبنان له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌وڵه‌ سیاسییه‌كان بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێككه‌وتنی ئاگربه‌ست له‌گه‌ڵ لوبنان، به‌ ناوبژیوانی ئه‌مریكا به‌رده‌وامن.

به‌رپرسانی ئه‌منی ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا رێككه‌وتنێك واژۆ بكرێت، "سوپای ئیسرائیل له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ده‌زانێت چۆن خۆی بگونجێنێت و هێزه‌كانی له‌سه‌ر هێڵی سنوور به‌ گوێره‌ی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی كه‌ دانوستانی له‌سه‌ر ده‌كرێت، جێگیر ده‌كات”.

له‌ 23ی ئه‌یلولدا ئیسرائیل هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر لوبنان و به‌تایبه‌ت مۆڵگه‌كانی حزبوڵا چڕتر كرده‌وه‌ و له‌ 30ی هه‌مان مانگ ئۆپه‌راسیۆنێكی زه‌مینی له‌ باشوور ده‌ستپێكرد.

حزبوڵا ناوبه‌ناو رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ رووبه‌ڕووی هه‌وڵه‌كانی هێزه‌كانی ئیسرائیل بوونه‌ته‌وه‌ بۆ دزه‌كردنه‌ ناو خاكی لوبنان، هه‌روه‌ها چه‌كداره‌كانی‌ له‌گه‌ڵ سه‌ربازانی ئیسرائیل له‌سه‌ر سنوور تێكهه‌ڵچوون.

كاتێكی‌ پێشتری ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، ئیسرائیل كاتز، وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل رایگه‌یاند كه‌ ئیسرائیل "شكستی‌ به‌ حزبوڵا هێناوه‌" و كوشتنی‌ حه‌سه‌ن نه‌سروڵای رێبه‌ری له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا به‌ "تاجی ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌” وه‌سف كرد.

 كاتز كه‌ به‌م دواییانه‌ دوای جێهێشتنی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ وه‌ك وه‌زیری به‌رگری ده‌ستنیشانكرا، وتی‌: "ئێستا ئه‌ركی ئێمه‌یه‌ به‌رده‌وام بین له‌ فشاره‌كان بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ بچنینه‌وه‌".


AM:12:42:11/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت