سه‌ركرده‌یه‌كی‌ باڵای‌ حزبوڵا كه‌ تاوانباربوو به‌ كوشتنی‌ ره‌فیق حه‌ریری‌ كوژرا


وێستگه‌نیوز-
كه‌ناڵه‌كانی‌ سعودیه‌ بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ سه‌لیم عه‌یاش سه‌ركرده‌ی سه‌ربازی حزبوڵای‌ لوبنانی‌ كه‌ تاوانبار بوو به‌ كوشتنی‌ ره‌فیق حه‌ریری سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری لوبنان، له‌ بۆردومانێكدا له‌سنوری نێوان لوبنان و سوریا كوژراوه‌.


ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ "ئه‌لعه‌ره‌بیه‌" و "ئه‌لحه‌ده‌س"ی‌ سعودی‌ به‌ پشتبه‌ستن به‌ سه‌رچاوه‌كانیان، هه‌واڵی كوژرانی سه‌لیم عه‌یاش سه‌ركرده‌ی سه‌ربازیی حزبوڵای لوبنان-یان بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ تاوانباربوو به‌ كوشتنی‌ ره‌فیق حه‌ریری سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری‌ لوبنان.

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ ده‌ڵێن: "له‌ بۆردومانێكی‌ سوپای‌ ئیسرائیلدا كه‌ دوێنێ‌ 9ی‌ تشرینی‌ دووه‌م بۆ سه‌ر شارۆچكه‌ی قه‌سیر له‌ سنوری سوریا له‌گه‌ڵ لوبنان ئه‌نجامدرا، سه‌لیم عه‌یاش كوژراوه‌".
   
دادگای نێوده‌وڵه‌تی‌ تایبه‌ت به‌ لوبنان له‌ كانوونی یه‌كه‌می 2020 به‌ نائاماده‌یی بڕیاری‌ تاوانباركردنی‌، سه‌لیم عه‌یاشی له‌گه‌ڵ سێ كه‌سی دیكه‌ی حزبوڵا به‌ تیرۆركردنی ره‌فیق حه‌ریری ده‌ركرد.

سه‌لیم عه‌یاش خه‌ڵكی شارۆچكه‌ی حاروفی قه‌زای نه‌بتیه‌یه‌ له‌ باشووری لوبنان و له‌ ساڵی 1963 له‌دایكبووه‌.

به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی دادگا، سه‌لیم عه‌یاش و سێ كه‌سی دیكه‌ به‌ناوه‌كانی‌ حسێن عه‌نیسی و حه‌سه‌ن حه‌بیب مه‌رعی، ئه‌سعه‌د سه‌برا "به‌شداربوون له‌ پیلانێك كه‌ ئامانج لێی ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستی كه‌ تیرۆركردنی‌ ره‌فیق حه‌ریری‌ بوو له‌ 14ی شوباتی 2005دا.


PM:08:50:10/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت