سەرۆک کۆماری عێراق بەشداریی لە کۆنفرانسی جیهانیی کەشوهەوا دەکات


وێستگەنیوز_

د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، بۆ بەشداریی لە کۆنفرانسی جیهانیی کەشوهەوا (COP29) دەچێتە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان.

بەپێی راگەیەندراوێکی بەشی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار، سبەی دووشەممە، 11ـی 11ـی 2024، د. لەتیف رەشید، لەسەر بانگهێشتی ئیلهام حەیدەر عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان، سەردانی ئەو وڵاتە دەکات؛ و ئامانج لێی بەشداریکردنە لە کۆنفرانسی جیهانیی کەشوهەوا (COP29) دەچێتە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان.

لەم سەردانەدا، وەفدی عێراق بۆ یاوەری سەرۆک کۆمار پێکهاتوون لە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە، ساڵح ئەلحەسناوی، وەزیری تەندروستی، هەریەک لە سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە پەرلەمانی عێراق، جێگری سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک بەرپرس و ڕاوێژکار.

کۆنفرانسی ئەمساڵی جیهانیی کەشوهەوا (COP29) لە ماوەی نێوان 11 بۆ 22ـی ئەم مانگە لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوە دەچێت.

کۆنفرانسەکە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و گرنگترین کۆبوونەوەی جیهانە سەبارەت بە گۆڕانی ئاو و ھەوا. ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەی ئەمساڵ، ڕێککەوتنە لەسەر چۆنییەتی کۆکردنەوەی هاوکاریی دارایی زیاتر بۆ ئەو وڵاتە هەژارانەی بەدەست گۆڕانی کەشوهەواوە دەناڵێنن، هەروەها بە ئامانجی سنووردارکردنی دەردانی گازە گەرمکەرەکان و کەمکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا. 


PM:06:38:10/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت