په‌یامێك له‌ ئێرانه‌وه‌ بۆ ترامپ: پێویسته‌ له‌سه‌رت ئه‌مه‌ ‌به‌رامبه‌ر ئێمه‌ بكه‌یت


وێستگەنیوز-

ئێران داوا له‌ دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریكا ده‌كات "سیاسه‌تی زۆرترین فشار بگۆڕێت" كه‌ له‌ یه‌كه‌م خولی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یدا به‌رامبه‌ر به‌ ئێران په‌یڕه‌وی ده‌كرد.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 9ی تشرینی دووه‌می 2024، محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف، جێگری سه‌رۆكی ئێران بۆ كاروباری ستراتیژی، به‌ رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند، "پێویسته‌ له‌سه‌ر ترامپ ئه‌وه‌ ده‌ربخات په‌یڕه‌وی له‌ سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌كانی رابردووی ناكات".

جه‌واد زه‌ریف له‌ گۆڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تی ناسراوه‌، به‌هۆی ئه‌و ڕۆڵه‌ دیاره‌ی كه‌ ساڵی 2015 له‌ دانوستانی رێكه‌وتنی نێوده‌وڵه‌تی سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران، بینی.

ترامپ له‌ ماوه‌ی یه‌كه‌م خولی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یدا، هه‌وڵیدا ستراتیژیه‌تی: "زۆرترین فشار" له‌ رێگه‌ی سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر ئێراندا، په‌یڕو بكات. ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی زۆربوونی گرژی و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی نێوان هه‌ر دوولا و ئاستێكی نوێی به‌خۆیه‌وه‌ بینی.

ترامپ ساڵی 2018، یه‌ك لایه‌نه‌ له‌ رێكه‌وتنی ئه‌تۆمی كشایه‌وه‌ كه‌ ئێران له‌ ساڵی 2015 له‌گه‌ڵ هێزه‌ گه‌وره‌كاندا واژۆیكردبوو، ئه‌مریكا كۆمه‌ڵێك سزای ئابوری قورسی به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پاند، به‌ تایبه‌ت به‌سه‌ر هه‌ردوو كه‌رتی نه‌وت و دارایی.

جه‌واد زه‌ریف پێیوایه‌ رێبازی سیاسی ترامپ كه‌ به‌رامبه‌ر ئێران په‌ێڕه‌وی ده‌كرد، بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم زیاتر بكات و له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "پێویسته‌ ترامپ هه‌ستی به‌وه‌كردبێت په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی زۆرترین فشار، وایكرد ئێران بڕی پیتاندنی یۆرانیۆم له‌ سه‌دا 3.5% به‌رزبكاته‌وه‌ بۆ له‌سه‌دا 60%".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "وه‌ك پیاوێكی حسابات، له‌سه‌ریه‌تی به‌ حساباته‌كانی پێشتریدا بچێته‌وه‌ و لایه‌نی باش و خراپی ئه‌م سیاسه‌ته‌ی ببینێت و ئایا ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌م سیاسه‌ته‌ خراپه‌ی به‌رده‌وام بێت یان ده‌یگۆڕێت".

ترامپ له‌ ماوه‌ی یه‌كه‌می خولی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یدا، بڕیاری كوشتنی قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس له‌ سوپای پاسدارانی ئێران و مه‌هدی موهه‌ندیس ده‌ركرد و بڕیاره‌كه‌ له‌ مانگی كانوونی دووه‌می ساڵی 2020 و له‌ رێگه‌ی بۆردومانێكی ئاسمانییه‌وه جێبه‌جێكرا‌.
رۆژی پێنج شه‌ممه‌ی رابردوو، ئیسماعیل به‌قائی وته‌بیژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند بردنه‌وه‌ی ترامپ: "ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ سه‌رله‌نوی پێداچوونه‌وه‌ به‌ ئاراسته‌ و دیدگا‌ ناڕاسته‌كانی پێشووی واشنتۆن".

ترامپ لای خۆیه‌وه‌، رۆژی سێ شه‌ممه‌ی رابردوو رایگه‌یاند، "هه‌وڵی ئه‌وه‌ نادات زیان به‌ ئێران بگه‌یه‌نێت" و دوای ده‌نگدانه‌كه‌ی وتی: "مه‌رجه‌كانی من زۆر ئاسانن، ناتوانن ببن به‌ خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمی، ده‌مه‌وێت ده‌وڵه‌تێكی زۆر سه‌ركه‌وتووبن".



PM:08:15:09/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 1132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو