تاران هۆشداری ده‌دات: شه‌ڕی ناوچه‌كه‌ فراوانتر بێت، هه‌موو جیهان دەگرێته‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبوونی‌ بۆردومانی توندی ئیسرائیل بۆ سه‌ر لوبنان و په‌ره‌سه‌ندنی گرژییه‌كانی ناوچه‌كه‌دا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران سه‌رله‌نوێ‌ هۆشداری دا له‌ فراوانبوونی شه‌ڕ له‌ ناوچه‌كه‌دا و رایگه‌یاند كه‌ ره‌نگه‌ هه‌موو جیهان بگرێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ عه‌باس عه‌راقچی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ لێدوانه‌كانیدا له‌ چله‌ی كوشتنی‌ حه‌سه‌ن نه‌سروڵا ئه‌مینداری گشتیی حزبوڵای‌ لوبنان، جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئاگربه‌ست و ناردنی هاوكاری بۆ لوبنان ده‌بێت كاری‌ له‌پێشینه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بێت.

هاوكات ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ وڵاته‌كه‌ی "له‌گه‌ڵ گه‌لانی لوبنان و فه‌له‌ستین ده‌بێت و پشتیوانی له‌ مافیان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داگیركاریی ئیسرائیل ده‌كات".

فراوانبوونی شه‌ڕ

وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئێران جگه‌ له‌وه‌ش هۆشداریدا له‌وه‌ی "ئه‌گه‌ر شه‌ڕه‌كه‌ فراوانتر بێت، ئه‌وا ته‌نها له‌ رۆژئاوای ئاسیادا نامێنێته‌وه‌، به‌ڵكو ره‌نگه‌ په‌لبكێشێت بۆ وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان".

عه‌باس عه‌راقچی‌ پێیوابه‌ كه‌ "قه‌واره‌ی زایۆنی له‌ رێگه‌ی به‌رده‌وامیدان به‌ سیاسه‌ته‌ شه‌ڕانگێزه‌كانی و پێشێلكارییه‌ دووباره‌كانی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، نه‌ك هه‌ر مه‌ترسی له‌سه‌ر سه‌قامگیری و ئاسایشی ناوچه‌كه‌ دروست ده‌كات، به‌ڵكو ته‌حه‌دای جددی بۆ نه‌زمی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای یاسا و داب و نه‌ریت پێكده‌هێنێت".

وتیشی: "هێرشه‌ دڕندانه‌یه‌كانی بۆ سه‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی‌ و تێكدانی ژێرخان و گه‌مارۆی ئابووری نموونه‌ی ئه‌و كارانه‌یه‌تی‌ كه‌ پێویسته‌ به‌ تاوانی جه‌نگ هه‌ژمار بكرێن".

له‌ ماوه‌كانی‌ دواییدا، ئێران چه‌ندین جار له‌ ڕێگه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانییه‌وه‌ هۆشداریی داوه‌ له‌ فراوانبوونی ململانێی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا له‌ لوبنان و حه‌ماس له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ بۆ ناوچه‌كه‌، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی شه‌ڕێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌تر و فراوانتر، به‌تایبه‌تی دوای هێرشه‌كانی‌ تاران و ته‌لئه‌بیب بۆسه‌ر یه‌كتری‌.


PM:03:26:09/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 1120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو