به‌ فه‌رمی.. ئیسرائیل نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ پچڕانی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ "UNRWA" ئاگادارده‌كاته‌وه‌


وێستگەنیوز-

كه‌ناڵی 12 ی ئیسرائیل رایگه‌یاند، "ئیسرائیل به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌زگای فریاگوزاری و به‌ده‌مه‌وه‌چوونی ئاواره‌كانی فه‌له‌ستین UNRWA پچڕاندووه‌".


جێبه‌جێكردنی ئه‌م هه‌نگاوه‌، پێشبینی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت دابه‌شكردنی یارمه‌تییه‌كان له‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی كه‌رتی غه‌ززه‌ كه‌ شه‌ڕ وێرانیكردووه‌، كه‌متر و به‌رته‌سكتر ببێته‌وه‌.

دانی دانۆن نوێنه‌ری ئیسرائیل له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێت، "ته‌لئه‌بیب نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئیسرائیل كاركردنی له‌گه‌ڵ ئۆنروا راگرتووه‌ و له‌و بڕوایه‌دایه‌ بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس كۆنترۆڵی ئه‌و ده‌زگایه‌ی كردووه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، "ته‌لئه‌بیب له‌كاركردن له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌ مرۆییه‌كانی دیكه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام نه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و رێكخراوانه‌ی خزمه‌ت به‌ تیرۆر ده‌كه‌ن".

رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو، كنێستی ئیسرائیل- په‌رله‌مانی ئیسرائیل- له‌ كۆی 120 ئه‌ندام، به‌ زۆرینه‌ی 92 ئه‌ندام، بریاری قه‌ده‌غه‌كردنی كار و چالاكییه‌كانی UNRWAی له‌ناو خاكی فه‌له‌ستین ده‌ركرد، ئه‌م هه‌نگاوه‌ له‌لایه‌ن وڵاتانی ئه‌وروپا و خۆرئاوا و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌ سه‌ركۆنه‌كرا.

به‌ گوێره‌ی یاساكه‌، چالاكییه‌كانی ئۆنروا له‌ قودسی خۆرهه‌ڵات راده‌گیرێت و ده‌سه‌ڵاته‌كانی و به‌رپرسیاره‌تییه‌كه‌ی ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ ئیسرائیل. هه‌ر به‌ گوێره‌ی یاساكه‌، چیتر كار به‌ رێكه‌وتنی ساڵی 1967 ناكرێت كه‌ رێگه‌ی دابوو به‌ ئۆنراو له‌ ئیسرائیل كار بكات. لێره‌وه‌ چالاكییه‌كانی ئه‌و ده‌زگایه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، له‌ ئیسرائیل و له‌سه‌ر خاكی فه‌له‌ستینی داگیركراو راده‌گرێت و هیچ به‌رپرسیكی ئیسرائیلیش بۆی نییه‌ په‌یوه‌ندی به‌ فه‌رمانبه‌ره‌كانی ئه‌و ده‌زگایه‌وه‌ بكات.

ئیسرائیل بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات فه‌رمانبه‌رانی ئۆنروا، له‌ حه‌وتی تشرینی یه‌كه‌می 2023، به‌شداریان له‌ هێرشه‌كه‌ی تۆفای ئه‌قسا كردووه‌ و ده‌زگای په‌روه‌رده‌ی سه‌ر به‌و رێكخراوه‌، پشتگیری تیرۆر و بڵاوكردنه‌وه‌ی رق و كینه‌ ده‌كات، به‌ڵام ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ راست نییه‌.

ئۆنروا ئه‌و بانگه‌شه‌ و تۆمه‌تانه‌ی ئیسرائیلی ره‌تكردووه‌ته‌وه‌ و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ ئاژانسه‌كه‌ی پابه‌نده‌ به‌ بێلایه‌نبوونی خۆیه‌وه‌ و ته‌نها كۆمه‌ك و یارمه‌تی به‌ ئاواره‌كان ده‌گه‌یه‌نێت.

له‌م باره‌یه‌وه‌، دوێنێ یه‌ك شه‌ممه‌ 3ی تشرینی دووه‌می 2024، ڤیلیپ لازارینی كۆمیسیاری گشتی ئۆنراوا، سه‌باره‌ت به‌ یاساكه‌ی ئیسرائیل كه‌ ئیشكردنی رێكخراوه‌كه‌ی قه‌ده‌غه‌كردووه‌، له‌ لێدوانێكیدا ده‌ڵێت: "پێویسته‌ ته‌ركیز له‌سه‌ر گه‌یشتن بێت به‌ رێكه‌وتن بۆ كۆتاییهێنان به‌ ململانێكه‌ی كه‌رتی غه‌ززه‌، نه‌ك قه‌ده‌غه‌كردنی رێكخراوه‌كه‌ و دۆزینه‌وه‌ی جێگره‌وه‌یه‌كی دیكه‌".

لازارینی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ له‌ هه‌ژماری خۆی له‌سه‌ر پلاتفۆرمی "ئێكس" بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات، "هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئۆنروا له‌ نه‌بوونی جێگره‌وه‌یه‌كدا كه‌ بتوانێت كاره‌كانی ئه‌و جێبه‌جێ بكات، منداڵه‌ فه‌له‌ستینییه‌كان له‌ خوێندن بێبه‌ش ده‌كات".

هه‌روه‌ها پرسیاری ئه‌وه‌ ده‌كات: "بۆچی كاتێك شاره‌زایان یاخود سیاسییه‌كان، له‌ گفتوگۆكانیاندا قسه‌ ده‌رباره‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی ئۆنروا یان گۆڕینی به‌ رێكخراوێكی دیكه‌ ده‌كه‌ن، باسی منداڵان و خوێندنه‌كه‌یان ناكه‌ن؟".

جه‌ختی له‌وه‌شكردووه‌: "بۆ ساڵی دووه‌مه‌ منداڵانی غه‌ززه‌ خوێندنه‌كه‌یان له‌ده‌ستده‌ده‌ن و ئۆنراوا تاقه‌ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌ قوتابخانه‌كانیدا، خوێندن ده‌خوێنرێت، ته‌نها له‌ كه‌رتی خۆرئاوا، نزیكه‌ی 50 هه‌زار منداڵ له‌و قوتابخانانه‌دا ده‌خوێنن".

ئۆنروا تا مانگی تشرینی یه‌كه‌می 2023، له‌ غه‌ززه‌ خوێندنی بۆ زیاد له‌ 300 هه‌زار منداڵی كوڕ و كچ ده‌ستبه‌ركردبوو‌، ئه‌وه‌ نیوه‌ی كۆی گشتی منداڵانی قوتابخانه‌كانی كه‌رتی غه‌ززه‌ پێكده‌هێنێت.


PM:02:33:04/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 644 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو