تاران.. كچێك لە زانكۆی علوم و تحقیقات خۆی رووتدەکاتەوە
وێستگەنیوز_
دەركەوتنی كچێك بە جلی ژێرەوە لە زانكۆی 'علوم و تحقیقات'ـی تارانی پایتەختی ئێران، بروسكە ئاسا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی داگیركردو گەیشتە میدیاكانی جیهان.
هاوكات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆكە، قسەوباسی جیاواز دەكرێت سەبارەت بە هۆكاری خۆڕووتكردنەوەی ئەو كچە.
بەگوێرەی لێكۆڵینەوە بەراییەكان، رووداوەكە دوێنێ روویداوە، وەكو لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت كچەكە بە جلی ژێرەوەوە لەسەر یەكێك لە سەكۆكانی زانكۆكە دانیشتووەو وا دەردەكەوێت قسە لەگەڵ دوو ئەفسەری ئەمنیی پیاو و ژنی زانكۆكەدا دەكات، بەڵام وردەكاری قسەكانیان نابیسترێت.
لە ڤیدیۆیەكی تردا دەردەكەوێت، چەند ساتێك دواتر، ئۆتۆمبیلێكی جۆری (پراید) دەگاتە شوێنەكەو چەند ئەفسەرێك بەزۆر كچەكە دەخەنە ناو ئۆتۆمبیلەكەوە.
زۆرێك لە میدیاكانی دەرەوەی ئێران و میدیا جیهانییەكان باسلەوە دەكەن ئەم كچە وەكو ناڕەزایەتییەك دژ بە "حیجابی ئیجباری" لە ئێران خۆی رووتكردوەتەوە.
كەناڵەكانی دەرەوەی ئێران بۆ ئەم چیرۆكە پشتیان بە راپۆرتێكی كەناڵی تیلیگرامی "خبرنامه امیرکبیر" بەستووە كە دەڵێ: هێزێكی بەسیج ئەم كچەیان هەراسان كردووە بەهۆی ئەوەی میقنەعەی نەكردووە، دواتر پاسەوانەكانی زانكۆ جلەكانیان دڕاندووەو ئەویش لەداخی ئەم كارە هەموو جلەكانی داكەندووە".
"خبرنامه امیرکبیر" ئەم قسانەی لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاوكردوەتەوە، بەڵام هەندێك شایەتحاڵی تر چیرۆكی جیاوازتر دەگێڕنەوەو دەڵێن ئەم كچە بە موبایلێكەوە بەناو چەند پۆلێكدا گەڕاوەو ویستویەتی ڤیدیۆی خوێندكاران بگیرێت، بەقسەی ئەم شایەتحاڵانە یەكێك لە پرۆفیسۆرەكانی زانكۆكە، كە لە هاتنەژوورەوەی بێ مۆڵەتیی ئەم كچە توڕە بووە، خوێندكارێكی ناردووە بە شوێنیدا بۆ ئەوەی لێی بپرسێت ئایا چ كارێكی هەیە، بەڵام كە چونەتە لای كچەكە یەكسەر دەستی كردووە بە قیژەو هاواركردن.
هەندێك لە شایەتحاڵەكانی تر دەڵێن، كچەكە كاتێك بە رووتی لەناو زانكۆدا بووە، بە خوێندكارانی وتووە: "ئامادەم ئێوە رزگار بكەم".
ئەمیر مەحجوب بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكان لە زانكۆی ئازادی تاران ئەو قسەو باسانە رەتدەكاتەوە كە سەبارەت بە شەڕی نێوان كچەكەو پاسەوانەكانی زانكۆكە دەكرێت، مەحجوب دەڵێ: كاتێك كچەكەیان بردووە بۆ بنكەی پۆلیس من خۆم لەوێ بووم، دۆخی جەستەیی كچەكە تەواو لەبار بووە، واتا ئازار نەدراوە.
بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی زانكۆی ئازاد بەمشێوەیە رووداوەكە دەگێڕێتەوە:
لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن ئەم كچە بەهۆی تێکچوونی دەروونییەوە، دەست دەکات بە وێنەگرتنی هاوپۆلەکانی و مامۆستاکەی، کە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی بووەتەوەو پاسەوانەكانی لێ ئاگاداركراوەتەوە، بەخێرایی چووتە حەوشەکەو ئەم كردەوە بێڕێزییەی ئەنجامداوە، واتا لەبەر وێنەگرتنی خوێندكاران ئەم كارەی كردووە نەك لەبەر بێ حیجابی.
بەڵام ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە تویتێکدا لە تۆڕی (ئێکس) نوسیویەتی: "پێویستە دەسەڵاتدارانی ئێران دەستبەجێ و بەبێ مەرج ئەو كچە خوێندكارە ئازاد بكەن كە 2ی ئەم مانگە دژی حیجابی زۆرەملێ جلەكانی داكەندو لەلایەن بەرپرسانی ئەمنیی زانكۆی ئازادی ئیسلامییەوە دەستبەسەركرا.
PM:03:20:03/11/2024
ئهم بابهته 1336
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت