ئه‌مریكا هێزی‌ سه‌ربازی‌ نوێ‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست جێگیر ده‌كات

‌فڕۆكه‌ی بۆمبهاوێژی‌ B-52

وێستگه‌نیوز-
وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ ئه‌مریكا بڕیاری‌ دا هێزی‌ سه‌ربازی‌ نوێ‌ له‌ ناوچه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست جێگیر بكات كه‌ له‌نێویاندا چه‌ندین فڕۆكه‌ی‌ بۆمبهاوێژی‌ B-52 له‌ خۆده‌گرێت.


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ ئه‌مریكا "پنتاگۆن" رایگه‌یاند كه‌ فه‌رمانی بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ زیاتری‌ فڕۆكه‌ تێكشێنه‌ره‌كانی مووشه‌كی بالیستی و پۆلی فڕۆكه‌ی‌ جه‌نگی‌ و فڕۆكه‌ی گوێزه‌ره‌وه‌ و چه‌ندین فڕۆكه‌ی بۆمبهاوێژی‌ دوور مه‌ودای له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ركردووه‌.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ له‌لایه‌ن پنتاگۆنه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هاتووه‌: "به‌گوێره‌ی به‌ڵێنه‌كانمان بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌رگریكردن له‌ ئیسرائیل و كه‌مكردنه‌وه‌ی په‌ره‌سه‌ندنه‌كان له‌ رێگه‌ی رێگری لێكردن و دیپلۆماسییه‌وه‌، وه‌زیری به‌رگری فه‌رمانی بڵاوكردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌ تێكشێنه‌ره‌كانی مووشه‌كی بالیستی و پۆلی فڕۆكه‌ی‌ جه‌نگی، و چه‌ند فڕۆكه‌یه‌كی بۆمبهاوێژی‌ دوور مه‌ودای هێزه‌كانی‌ به‌رگری‌ ئاسمانی‌ له‌ جۆری‌ B-52 له‌ ناوچه‌كه‌دا كردووه‌".

به‌یاننامه‌كه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌م هێزانه‌ له‌ چه‌ند مانگی داهاتوودا ده‌گه‌نه‌ ناوچه‌كه‌ و هاوكات ده‌بێت له‌گه‌ڵ‌  ئاماده‌كاری‌ كه‌شتی فڕۆكه‌هه‌ڵگری یو ئێس ئێس ئه‌براهام لینكۆڵن بۆ به‌جێهیشتنی‌ ناوچه‌كه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "جێگیركردنی‌ ئه‌م هێزانه‌ به‌پشتبه‌ستن به‌ بڕیاری ئه‌م دواییه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ سیسته‌می به‌رگری (THAAD) له‌ ئیسرائیل دێت".


راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ جه‌ختی‌ له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌: "سروشتی نه‌رم و نیانی دۆخی‌ به‌رگری جیهانی ئه‌مریكا و توانای بڵاوكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی‌ له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان نیشان ده‌ده‌ن".

له‌ كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ لوید ئۆستن وه‌زیری‌ به‌رگری به‌رده‌وامه‌ له‌ روونكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ گه‌ر ئێران و هاوبه‌شه‌كانی، یان بریكاره‌كانی ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ بقۆزنه‌وه‌ بۆ به‌ ئامانجگرتنی تاكه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌، ئه‌مریكا هه‌موو رێوشوێنێكی پێویست بۆ به‌رگریكردن ده‌گرێته‌به‌ر.

په‌یامنێری سكای نیوز عه‌ره‌بی له‌ زاری سه‌رچاوه‌ ئه‌مریكییه‌كانه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌، له‌ چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا 12 فڕۆكه‌ی بۆمبهاوێژی‌ B-52 له‌ ناوچه‌كه‌دا جێگیر ده‌كرێن.

ئیسرائیل كه‌ ئه‌مریكا به‌ هاوپه‌یمانی سه‌ره‌كی خۆی ده‌زانێت، له‌ سه‌ره‌تای شه‌ڕی غه‌ززه‌ له‌ 7ی تشرینی یه‌كه‌می 2023ه‌وه‌ له‌ ململانێدایه‌ له‌گه‌ڵ ئێران و هاوپه‌یمانه‌ ناوچه‌ییه‌كانی.

جگه‌ له‌ حه‌ماس، ئیسرائیل له‌ سنووری باكووری لوبنانیش رووبه‌ڕووی حزبوڵای لوبنان ده‌بێته‌وه‌.

له‌ 26ی ئۆكتۆبه‌ردا سوپای ئیسرائیل هێرشی كرده‌ سه‌ر ئامانجه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئێران له‌ كاردانه‌وه‌ به‌ هێرشێكی مووشه‌كی ئێران كه‌ له‌ یه‌كی هه‌مان مانگدا ئیسرائیلی كرده‌ ئامانج.



AM:08:53:02/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 944 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت