ئیتڵاعاتی ئێران: لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان گرووپێکی تیرۆریستیمان هەڵوەشاندەوە


وێستگەنیوز_

وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان "گرووپێکی تیرۆریستی هەڵبوەشێننەوە، کە بەنیازبوون بە مەبەستی تیرۆر و دروستکردنی ئاژاوە لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە دزە بکەنە ناو خاکی ئێران."
 
شەوی چوارشەممە 30ی تشرینی یەکەمی 2024، میدیای فەرمیی ئێران راگەیەندراوێکی وەزارەتی ئیتڵاعاتیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، هێزەکانیان لەگەڵ هێزەکانی قەرارگەی حەمزەی سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆنێکیان لە دژی گرووپێکی چەکدار ئەنجامداوە. لە راگەیەندراوەکەدا وەکو "گرووپی تیرۆریستیی جوداخواز" ناسێنراوە ناویان هێنراوە.
 
بەپێی راگەیەندەکە، گرووپەکە بەنیاز بووە "بە ئامانجی دروستکردنی ئاژاوە، تیرۆر و تێکدانی ئاسایش، لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە دزە بکاتە ناو پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا 'ورمێ'، بەڵام لە کاتی تێپەڕبوون بە ناو خاکی ئێراندا هەڵوەشێنرایەوە".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا "چەکدارێک کوژراوە" کە وەکو کادیری سەرەکیی گرووپەکە ناسێنراوە و دوو چەکداری دیکەش دەستبەسەر کراون، هەروەها دەست بەسەر چەکەکانیاندا گیراوە.
 
ئەوەی هێشتا ئاشکرا نەکراوە ئەوەیە، وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ئەو چەکدارانە کێن و سەر بە کام لایەنن.


AM:10:49:31/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 1864 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت