مه‌رجی‌ سعودیه‌ بۆ دروستكردنی‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ‌ ئیسرائیل راگه‌یه‌ندرا


وێستگه‌نیوز-
شازاده‌ فه‌یسه‌ڵ بن فه‌رحان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعودیه‌ جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین مه‌رجی یه‌كه‌مه‌ بۆ دروستكردنی‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل.


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعودیه‌ له‌ په‌راوێزی كۆبوونه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی جیهانی بۆ جێبه‌جێكردنی چاره‌سه‌ری دوو ده‌وڵه‌تی له‌ ڕیاز ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌، شانشینی سعودیه‌ هه‌موو شتێكی پێویست ده‌كات بۆ ڕاگرتنی شه‌ڕ له‌ غه‌ززه‌.

هاوكات "ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌ی كه‌ ئیسرائیل له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ ئه‌نجامی ده‌دا" ره‌تكرده‌وه‌، و پشتیوانی خۆی بۆ UNRWA دووپاتكرده‌وه‌.

جگه‌ له‌وه‌ش وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعودیه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی لوتكه‌ی عه‌ره‌بی و ئیسلامی بۆ تاووتوێكردنی دۆخی لوبنان و غه‌ززه‌ راگه‌یاند.

وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سعودیه‌ له‌ لێدوانه‌كانیدا بۆ كه‌ناڵه‌كانی‌ ئه‌لعه‌ره‌بیه‌ و ئه‌لحه‌ده‌س ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ وڵاتانی گه‌وره‌ی رۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات ده‌ستیان به‌ قسه‌كردن به‌ ئاراسته‌ی دانپێدانانی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین كردووه‌.

لای خۆیه‌وه‌ كۆمیساری UNRWA دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ڵمه‌تێكی ئیسرائیلی هه‌یه‌ بۆ تێكدانی كاره‌كانیان، وتیشی‌: "یاساكانی ئیسرائیل نه‌هامه‌تی‌ فه‌له‌ستینییه‌كان زیاتر ده‌كات".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ریازی پایته‌ختی سعودیه‌، میوانداری كۆبوونه‌وه‌ی ئاستی باڵای هاوپه‌یمانی جیهانی بۆ جێبه‌جێكردنی چاره‌سه‌ری دوو ده‌وڵه‌تی كرد كه‌ دوو رۆژ ده‌خایه‌نێت و دیپلۆماتكاران و نێرده‌ی چه‌ند وڵاتێك و رێكخراوی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی له‌خۆده‌گرێت، بۆ پێشكه‌شكردنی خشته‌یه‌كی كاتیی دیاریكراو بۆ بنیاتنانه‌وه‌ و دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین و چاره‌سه‌ری دوو ده‌وڵه‌ت و پێشكه‌شكردنی هه‌نگاوی كرده‌یی بۆ پشتیوانی له‌ هه‌وڵه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و هه‌وڵه‌كانی ئاشتی، به‌ مه‌به‌ستی به‌دیهێنانی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی فه‌له‌ستین و كۆتاییهێنان به‌ داگیركاری.


PM:04:55:30/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 4736 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت