سەرکردەکانی گرووپی حەوت رێککەوتوون لە پارەی رووسیا قەرز بدەنە ئۆکرانیا


وێستگەنیوز_

گرووپی حەوت لە پارە بلۆککراوەکانی رووسیا، بڕی 50 ملیار دۆلار بە قەرز دەداتە ئۆکرانیا، سەرۆکی رووسیاش دەڵێت: ئەم دزی کردنە بێ وەڵام نابێت.

بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمی کە حکومەتی ئیتاڵیا بڵاویکردووەتەوە، سەرکردەکانی گرووپی حەوت رێککەوتوون لەسەر ئەوەی  50 ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەوکانی رووسیا بە قەرز بدەنە ئۆکرانیا بە مەبەستی بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوە و بەکارھێنان بە بوارە داریی و سەربازییەکانی ئەو وڵاتە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆی ئەو 50 ملیار دۆلارە، ئەمریکا 20 ملیار و یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا و کەنەدا و ژاپۆنیش 30ملیار دۆلارەکەی تر بۆ ئۆکرانیا دابین دەکەن کە کۆی ئەو بڕە لە پارە بلۆککراوەکانی رووسیا دەردەھێنرێت.

لە بەرامبەریشدا ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیاش رایگەیاند، ئەو ھەنگاوەی گرووپی حەوت دزیکردنێکی ئاشکرایە لە سەروەت و سامانی رووسیا و ھەر دەستبردنێکیش بۆ پارە بلۆککراوەکانی وڵاتەکەی بێ وەڵام نابێت و سزای توندی دەبێت. 


PM:02:29:26/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت