گوڵتان کشاناک: رەنگە هەفتەی داهاتوو گوێمان لە دەنگی ئۆجەلان بێت


وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024، گوڵتان کشاناک سەبارەت بە پرسی هەڵگرتنی گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان؛ رایگەیاند، "رەنگە هەفتەی داهاتوو گوێمان لە دەنگی ئۆجەلان بێت."

گوڵتان کشاناک، هاوسەرۆکی پێشووتری گەورەشارەوانی دیاربەکر لەبارەی وتەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە وتی دەبێت "ئۆجەلان بچێتە پەرلەمانی تورکیا و هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان رابگەیەنێت" رایگەیاند، " هەموو کەس دەستی بەرزدەکاتەوە، منیش دەستم بەرزدەکەمەوە و بانگەوازی خۆم هەیە. من بۆچوونم وایە رەنگە 29ی ئەم مانگە و لە یادی راگەیاندنی کۆماری تورکیا، گوێمان لە دەنگی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێت".

ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ چوارشەممە، دەستەی پارێزەرانی ئۆجەلان، داواکارییەکیان پێشکەشی سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتیی کۆماریی بورسا و بەڕێوەبەرایەتیی گرتووخانەی ئیمڕاڵی کرد و داوای دیداری ئۆجەلان و هەریەک لە عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاشنیان کرد ،کە زیاتر لە 43 مانگە رێگە بە دیداریان نەدراوە.

هەروەها ئیبراهیم بیڵمەز، پارێزەری ئۆجەلان، رایگەیاند، : قسەکانی باخچەلی گرنگن و ئەو "شتێک دەڵێت کە پێویستە بوترێت." وتیشی: ماوەی 44 مانگە داوای بینینی ئۆجەلان دەکەین و وەزارەتی داد رەتیدەکاتەوە.


AM:09:06:23/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 484 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت